ئێران ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ تورکیا بۆ سەر قەندیل رەتدەکاتەوە

17-06-2018
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن تورکیا ئێران قەندیل
A+ A-

رووداو-هەولێر

فەرماندەیی گشتی هێزە سەربازییەکانی ئێران ، وەڵامی گوتەکانی چەند رۆژێک پێش ئێستای وەزیری بەرگریی تورکیای دەربارەی ئۆپەراسیۆنی هەردوو وڵات بۆ سەر قەندیل دایەوە و  گوتی: "لەشکەرکێشی بۆ سەر وڵاتی سێیەم بەبیانووی شەڕی دژی تیرۆر ناشەرعییە". 

ئەبولفەزڵ شکارچی ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە سەربازییەکانی ئێران ، لە وەڵامی ئەو گوتانەی وەزیری بەرگریی تورکیا کە گوایە تاران پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشی نێوان سوپای هەردوو وڵات بۆ سەر قەندیل دژی پەکەکە دەکات گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێک "دژی تیرۆر" دەکات ، بەڵام لەشکەرکێشی سەربازیی بۆ وڵاتێکی دیکە بە بیانووی شەڕی "تیرۆر" بە بێ مۆڵەتی حکومەتی ئەو وڵاتەی ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت ، بە کردەوەیەکی نامەشرووعی دەزانێت".

ئەم گوتەیەی گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە سەربازییەکانی ئێران، دوای ئەوە هات، رۆژی 12ی ئەم مانگە نوورەددین جانیکلی، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە "باکووری عێراق دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی تیرۆر بە یەکجاریی لەناودەبردرێت". 

ئەبولفەزڵ شکارچی بە ئاماژەدان بەوەی ئێران خۆی قوربانی تیرۆر بووە لە 40 ساڵی رابردوو گوتی: "بەڵام هیچکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لەو هەنگاوانەی کە سەروەری وڵاتێک پێشێل دەکا پشتیوانی ناکات".

وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی، پێشنیازی هاوئاهەنگیان بۆ ئۆپەراسیۆنی سەر قەندیل داوەتە ئێران و ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕیووە. 

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە