ئەحمەد سەدر؛ میراتگری سەدرییەكان لە هەولێرە

22-04-2017
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن سەدر ئەحمەد سەدر هەولێر
A+ A-

رووداو- هەولێر

ئەحمەد مستەفا سەدر، لەدایكبووی ساڵی 1986، برازای موقتەدا سەدرە و نەوەی سەید محەممەد سادق سەدر، گەورە مەرجەعی شیعەكانە.

ئەو زۆربەی ژیانی لە لوبنان بەسەربردووە و هەر لەوێ ماستەری لە زانستە سیاسییەكان بەدەستهێناوە. ماوەیەكە گەڕاوەتەوە عێراق و مەلەفی سیاسی لەلایەن مامییەوە پێسپێردراوە و،  دەستی بە جموجۆڵی زۆر كردووە.

بەپێی میدیا عێراقییەكان، ئەحمەد سەدر مەلەفی سیاسی و پڕۆژەی چاكسازی مامی پێسپێردراوە، لە حاڵەتی تیرۆركردن و بەئامانجكردنی موقتەدا سەدر، ئەو سەرۆكایەتی و بەرپرسیارێتی رەوتەكە لەئەستۆ دەگرێت.

 

بۆیە سەرەڕای گەنجی و کەمی تەمەنی، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵدا دەستی بە مانۆڕێكی سیاسی و دیبلۆماسی كرد، كاتێك لەگەڵ هەریەك لە فوئاد مەعسووم، حەیدەر عەبادی و سەلیم جبووری كۆبووەوە و، پڕۆژەی چاكسازی لەگەڵ تاوتوێکردن، كە لەلایەن مامییەوە ئامادەكراوە.

باوك و باپیری ئەحمەد لە ساڵی 1999 لەلایەن دەسەڵاتی حیزبی بەعسەوە بەسەرۆکایەتیی سەددام حوسێن كوژراون، ئەگەرچی ئەحمەد لەڕووی سیاسییەوە ئەزموونی زۆری نییە، بەڵام ئەو ئەركەی پێی سپێدراوە گەورەیە، بەتایبەتی سەدرییەكان شەقامی عێراقی و جڵەوی خۆپیشاندانیان لە بەغدا بەدەستە و، هەر كاتێك بیانەوێ‌ دەتوانن ملیۆنەها خەڵك بڕژێننە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری عێراق.



ئەحمەد سەدر بەپێچەوانەی زۆربەی بنەماڵەكەی عەمامە بەسەر نییە و وەكو سیاسییەكی مۆدێرن دەردەكەوێت. ئەو رۆژی  شەممە 22-4-2017 گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. پاشان سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد. بڕیارە لە رۆژانی داهاتووشدا سەردانی (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو) بکات، دواتر سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بكات.

ئەحمەد تەنیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چالاكی هەیە و كەمترین لێدوان و قسەی بۆ میدیاكان هەیە. یەكەم لێدوانی ئەو بۆ میدیایەكی كوردستانی، بۆ رووداو بوو و گوتی: "هاتووین لە كوردستان لەگەڵ براكانمان گفتوگۆ بكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی ئێستا لە عێراقدا هەن".

دیدگای ئەحمەد سەدر بۆ پرۆسەی سیاسی دژایەتی تائیفییەت و رەگەزپەرستی مەزهەبییە، هەر وەك خۆی لە تویتەرەكەی ئاماژەی پێكردووە. هەروەها لە لیژنەی پەیوەندییەكان و سیاسەتی ستراتیژی رەوتی سەدریش كاری كردووە.

ئەحمەد ساڵی 2013 بەنوێنەرایەتی مامی، سەردانی ئەحمەد كوبەیسی، كەسایەتی ئایینی دیاری سوننەكانی عێراقی كرد و پشتگیری ئاراستە و بۆچوونە میانڕەوەكانی كرد لە دژی گەندەڵی و تائیفییەت لە عێراق، بەتایبەت لە وەستانەوەی دژی نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق.



ئێستا رەوتی سەدر بەشێك نییە لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراق كە بە ماڵە گەورەكەی شیعەكانی عێراق ناسراوە، بەڵكو هێڵێكی سەربەخۆی لە كاری سیاسی هەیە، ئەویش دژی هەژموونی ئێرانە لە عێراق، لەگەڵ بەشداریپێكردنی حەشدی شەعبی نییە لە پرۆسەی سیاسی، ئەگەرچی ئەوان خاوەنی باڵێكی بەهێزن بە ناوی سەرایا سەلام لەنێو حەشد، بەڵام نایانەوێ‌ حەشد لەلایەن حیزبی دەعوە و بەدر بۆ ركابەری سیاسی بەكاربهێنرێت.

جگە لەوە موقتەدا سەدر لەگەڵ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێداچوونەوەیە بە پەیوەندییەكانی هەردوو لادا.

موقتەدا سەدر لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەی بەشار ئەسەد لە سووریا و هاوسەنگی پەیوەندییە سیاسییەكانە لەگەڵ سعودیە، بۆیە لەماوەی كاركردنی سامر سەبهان، باڵیۆزی پێشووی سعودیە لە بەغدا، كە ئێستا وەزیری كاروباری كەنداوی سعودیەیە، زۆرترین سەردان و دیداریان هەبووە.

سەبهان پێیوایە موقتەدا سەدر یەكێكە لە سیاسییە نیشتمانپەروەرەكان و دەتوانێت دژی هەژموونی ئێران بووەستێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە