لە ئیسپانیا سکاڵا دژی نۆ بەرپرسی سووری تۆمار دەکرێت

23-02-2017
رووداو @Rudawkurdish
37 رێکخراوی جیهانی راپۆرتەکەیان بەرزکردەوە
37 رێکخراوی جیهانی راپۆرتەکەیان بەرزکردەوە
نیشانەکردن سووریا ئیسپانیا
A+ A-

رووداو - ئیسپانیا 

37 رێکخراوی جیهانی، دەیانەوێت بەتۆمەتی رفاندن، ئەشکەنجەدان و کوشتن، سکاڵا دژی نۆ بەرپرسی حکومەتی سووریا لە دادگای نیشتیمانی ئیسپانیا تۆماربکەن. 

بەگوێرەی سکاڵای 37 رێکخراوەکە، نۆ کەسی سەر بە حکومەتی سووریا، لە ساڵی 2013ـەوە دەستیانکردووە بە: رفاندن، ئەشکەنجەدان، کوشتن و بڕینی خەڵکی وڵاتەکەیان. بڕیاریشە لەچەند رۆژی داهاتوودا، دادگای نیشتمانی ئیسپانیا بڕیاربدات ئاخۆ سکاڵای ئەو رێکخراوانە وەردەگرێت، کە لە بواری پارێزەریدا کاردەکەن.

مایتی پاریخۆ، نوێنەری 37 رێکخراوی جیهانی دادپەروەری لەمبارەیەوە دەڵێ "پێویستە هۆشداری بدەین و، لەپێناو دادوپەروەری دژی ئەوانە بجەنگین کە پێیانوایە هەرچییەکیان بوێت دەتوانن ئەنجامی بدەن. بەشێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باش ئاگاداری کاری ئەوانە، مەحاڵە ئەوانەی بە تاوان و تاوانکاری هەڵدەستن نەدرێنە دادگا".

جیا لە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، رفاندنی شوفێری بارهەڵگرێک و ئەشکەنجەدانی، لەلایەن رێکخراوەکانەوە وەکو نموونەیەکی زەقی رفاندن و ئەشکەنجە و کوشتن بەکارهاتووە.

مایتی پاریخۆ هەروەها دەڵێ "زانیاری کەیسەکە پێکدیت لە: رفاندن، ئەشکەنجەدان، کوشتنی بەکۆمەڵی دۆستانمان، ئەمەش کوشتنی تاکە کەسێک نییە. ئەمە ئەشکەنجەدانی تەنیا کەسێک نییە. ئەمانە کۆمەڵە تاوانێکن تۆمەتی تیرۆر دەخەنە پاڵ وڵاتێک".

لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا نیو ملیۆن کەس لە سووریا کوژراون. رێکخراوەکان دەڵێن، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش فریای ژماردنی قوربانیان ناکەوێت.


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە