پەرلەمان چیکردووە بۆ دۆخی خراپی هاونیشتمانیان؟
د. فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەو بڕوایەدایە ئەگەر ئەو پرۆژەیە پەسەند بکرێت "بەهەندێ هەموارەوە" کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردوویەتییە پەرلەمان، ئەوا بەڕێژەیەکی "باش" هاوڵاتیان قازانج دەکەن.
ئەو کە ئەندامی فراکسیۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەشداری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و گوتی؛ زیاتر لە 505 هەزار کەس موچەخۆرن کە پێکدێن لە کەمئەندامی سەنگەر و خاوەنپێداویستی تایبەت و چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەوە لەکاتێکدایە کە بەشێکی بەرچاو لەوانە "یاسا و رێنماییەکان نایانگرێتەوە"، هەروەها دەڵێت؛ خاوەن پلە تایبەتەکان" 1٪ی" موچەی هەرێمی کوردستانیان بۆ دەڕوات.
هەر لە بەرنامەکەدا د. بەهار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بڕوای وابوو کە تەنها بەیاسا ناتوانرێت گەندەڵی بنەبڕ بکرێت، بەڵام دەبێت "دادگایەکی دادپەروەر هەبێت" بۆئەوەی تۆمەتبارەکان دادگایی بکات.
ئەو کە ئەندامی فراکسیۆن بزوتنەوەی گۆڕانە، لە بەرنامەکەدا بەشداری کرد و گوتی: پەرلەمان ناتوانێت رۆڵی چاودێریکردن ببینێت و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان رۆڵی پەرلەمانی بچووک کردووەتەوە، هەروەها متمانەی خەڵک بە دامەزراوە شەرعییەکان "کەم بووەتەوە".
لە بەرنامەکەدا گفتوگۆی گەرم کرا لەوبارەیەوە، بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە رەوتی گفتوگۆکە بەرنامەکە ببینە..