پارتی و یەکێتی لەبارەی حکومەت و پۆستەکانی کورد لە بەغدا کۆدەبنەوە

پارتی و یەکێتی لەبارەی حکومەت و پۆستەکانی کورد لە بەغدا کۆدەبنەوە
 

رووداو دیجیتاڵ

سیاسەتڤانێکی دیاری باشووری کوردستان دەڵێت: پێویستە لایەنە سیاسییەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و یەکڕیزی نێوماڵی کورد لە هەموو شتێک گرنگترە و پێی وایە ئێستا مەترسیی "زۆر گەورە" لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە.
 
فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتڤان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، پێویستە پارتی و یەکێتی رێگەی سازان بگرنەبەر و کورد پێویستی بە ئیرادەیەکی یەکگرتووە لە بەغدا.
 
ئەو سیاسەتڤانە گوتیشی، "پارتی و یەکێتی پاکیجەکانی هەولێر و بەغدا لە دانوستاندن تێکەڵ دەکەن و بیستوومە بافڵ تاڵەبانی دەخوازێت ببێتە سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام بەدبەختییە کورد لەسەر کورسی سەرۆککۆماری عێراق تووشی ناکۆکی ببێت".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشی فەرەیدوون عەبدولقادر باسی لەوە کرد، پارتی و یەکێتی تووشی "قەیرانی متمانە و گومانکردن" لە یەکتر بوون و مەترسیی ئەمنی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و دەڵێت: "قەبارەی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان زۆر گەورەن و زۆرینەی کێشە و مەترسییەکان لە عێراقەوە دێن بۆ هەرێمی کوردستان".