ئاری هەرسین: دەبێ یەکێتی واز لە 50 بە 50 بهێنێت

16 December 2025
ئاری هەرسین: دەبێ یەکێتی واز لە 50 بە 50 بهێنێت
بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هۆکاری پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت یەکێتی نایەوێت دان بە قەبارەی راستەقینەی خۆیدا بنێت.
 
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، لەبارەی داواکانی یەکێتی دەڵێت: لە هەموو زمانێکدا مەفهووم هەیە، هەر مەفهوومێک پێناسەی خۆی هەیە، ئێمە پێناسەی هەندێ مەفهووم دەکەین، بەڵام یەکێتی پێناسەیەکی دیکەی هەیە، بۆ نموونە؛ ئەو [یەکێتی] شەراکەت بە 50 بە 50 تێگەیشتووە، دەی ئەگەر 50 بە 50 بێت، ئەمە شەراکەت نییە، تۆ کێکەکە دابەش دەکەیت و تەواو، یەک کەسی دیکە بۆی نییە دەسەڵات و رای هەبێ.
 
ئاری هەرسین گوتیشی: "دەبێ یەکێتی واز لە 50 بە 50 بێنێت. وەکو چۆن چارەسەری نەخۆشی چەند زوو بکرێت باشترە، چارەسەری ئەم 50 بە 50یەش هەروایە."
 
هەرسین رەخنەی لە یەکێتی گرت و ئاماژەی بەوەکرد: "کێشەی سەرەکیی نێوان ئێمە و یەکێتی ئەوەیە کە ئەو حیزبە نایەوێ حەجمی خۆی قبووڵ بکات، لەوانەیە ئەمە کێشەیەکی دەروونی بێت لە سەرکردایەتی ئەو حیزبە."
گوتیشی: "ئەگەر بە ژمارە، یاسا و عورفی سیاسیی قسە لەگەڵ یەکێتی بکەین زەرەریەتی، بەڵام ئەمە ناکەین و دەڵێین، پێکەوە حکومەت پێکدەهێنین، بەڵام دەبێ قەبارەی خۆت بزانیت."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ئاری هەرسین جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو ئێستاش "یەکێتی نزیکترین هێزە لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئەگەر سەیری رابردوو بکەیت، ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سەرۆک بارزانی و مام جەلالی رەحمەتی هەبوو، بەڵام ئەم سەرکردایەتییەی ئێستا بە نەمەتی مام جەلال مامەڵە لەگەڵ ئێمە ناکات و لایەن هەیە زۆر لە خۆی بەهێزترە کە بڕیاری بۆ دەدات."