ئێران چیی لە یەكگرتوو دەوێت ؟

24-02-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئێران لە یەكگرتوو
A+ A-

سەردانە فەرمییەكەی وەفدی باڵای یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و پانتاییەكی دیاری لە میدیای ئێرانی وعێراقی و كوردیدا داگیركرد. ئەم بانگهێشتە فەرمییە‌ خوێندنەوەیەكی نوێی سیاسەتی ئێرانییە بۆ رۆڵی كورد و پێگەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان وەك هێزێكی سیاسیی كاریگەر و خاوەن پێگە لە ناوچەكەدا. 

سەردان و گفتۆگۆ 2  رۆژییەكە لە ئاستێكی دیاردا بوو، 2 كەسایەتیی سیاسیی دیار و كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ئێرانیی (لاریجانی و ویلایەتی) و چەند كەسایەتییەكی دیكە پێشوازییەكی پرۆتۆكۆڵی و فەرمییان لە وەفدەكە كرد. لە سەرجەم دیدار و گفتوگۆكاندا (جا دیپلۆماسیەت بێت یاخود موجامەلەی سیاسییانە) ئاماژەیان بە رۆڵی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان دەدا وەك هێزێكی سیاسی ئیسلامیی كاریگەر، كە دەتوانێـت رۆڵێكی باشتر ببینێت لەوەی ئێستای، لە ئاشتەوایی نێوماڵی كورد و بەهێزكردن و چارەسەركردنی پەیوەندییە ناسازەكانی نێوان هەرێم و بەغداد. 

وەفدی باڵای یەكگرتوو لەسەر زمانی ئەمیندارەكەیەوە راشكاوانە نوقتەی خستە سەر پیتەكان و ئەوەی بڕژێتە خانەی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچە ئیسلامییەكە بەگوێی بەرپرسانی ئێرانیدا درا، راشكاوانە باس لەو لێكترازانە كرا كە بۆتە هۆكاری پەكخستنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا،  هەر لە پەرلەمانەوە تاوەکو پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و مووچەی هاووڵاتییان و پرۆسە سیاسییەكە بەشێوەیەكی گشتی، كە دەكرێت كۆماری ئیسلامیی ئێران رۆڵێكی پۆزەتیڤانە لە نێوەندگیری و لێكنزیكخستنەوەی زیاتری لایەنە كوردستانییەكان ببینێت و بەجۆرێك لە جۆرەكان فشار بخاتە سەر لایەنە ناكۆكەكان، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان. 

ئەوەی ئەمینداری یەكگرتوو لە دیدارەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا جەختی لەسەر دەكردەوە مەسەلەی ئیستیحقاقی ئینتیخابیی لایەنە سیاسییەكان و زەروورەتی دروستبوونی قەناعەت لەلای هەمووان بۆ كۆبوونەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ و هەڤپەیڤین بوو، ئەم خاڵە وەك بەرژەوەندییەكی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بۆ خودی ئێرانییەكانیش خرایەڕوو كە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و هەرێم، سەقامگیرییە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش. 

گۆشەنیگای یەكگرتوو وەك حیزبێكی سیاسی لەمەڕ دروستبوونی كیانێك بۆ كورد بەبێ موجامەلەی سیاسی و گڵماندن درا بەگوێی بەرپرسانی ئێرانیدا، كە پێویستە بەرپرسانی ئێرانی تەفەهومی ژینگە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستان بكەن و بە رەچاوكردنی بارودۆخی ئیقلیمی و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان وەك مافێكی رەوای هەموو گەلێك خوێندنەوەی بۆ بكرێت، نەك بە راڤەی جوداخوازی و دژایەتیكردن و پیلانگێڕی، پێیانگوترا رەنگە بەشێكی ئەم هەستە كە لەلای هاووڵاتیی كورد دروستبووە بۆ ئەو مامەڵە نێگەتیڤە بێت كە بەغدا لەگەڵ هەرێمدا كردوویەتی و دەیكات و پەیوەندییەكانی هەردوولای ئاڵۆز كردووە و پەكیخستوە. ئەوەش خرایەڕوو كە كوردیش لەم پشێوی و ئاڵوزییەدا پشكی بەردەكەوێت. 

لە دیدارەكاندا مەسەلەی مامەڵەی هاوسەنگانەی بەرپرسانی ئێرانی لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردی و سوننی و شیعییەكاندا وەك میحوەرێكی سەرەكیی دیدارەكان گفتوگۆی چڕی لەسەركرا. تەریككردنی هەر هێزێكی سیاسی لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا ناڕژێتە خانەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و دواجاریش سەقامگیریی سیاسیی ناوچەكە. 

 ئەوەی بۆ ئیمە وەك شاند جێگەی سەرنج بوو، ئاماژەی روونی ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو بوو بە كێشە و فیتنەی خیلافی (شیعی- سوننی) كە چۆن زەبرێكی كوشندەی لە جیهانی ئیسلامی داوە و گوترا كە فاكتەری ئەم فیتنەیە كۆپیكردنی بابەتە فیقهی و خیلافییەكانە و دووبارە پیادەكردنەوەیەتی لە ئێستادا. جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە كۆماری ئیسلامیی ئێران فراوانتر مامەڵەی فیقهییانە و سیاسییانە بكات و رۆڵێكی كاریگەرتر ببینێـت لەسەر گۆڕەپانی جیهانی ئیسلامی. 

بەگشتی ئەوەی من وەك ئەندامی ئەو شاندە بینیم، گوێگرتنی جیددیی بەرپرسانی ئێرانی بوو لە گۆشەنیگاكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و پەرۆشییان بوو بۆئەوەی باشتر لە واقیعی سیاسیی هەرێم و عێراق  بگەن. دیارە دواجار سیاسەت گەمەی بەرژەوەندیەكانە و لەم بارودۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی كە جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت بەتایبەت پاش گۆڕانكارییە دراماتیكییەكانی ئەمریكا و هاتنی ترامپ، كۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ گۆشەنیگای هەمووان بزانێت و سیاسەتی نوێی خۆی لەسەر بنەمایەكی نوێ دابڕێژێتەوە. 

* ئەندامی شاندی یەكگرتوو بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە