رووداو دیجیتاڵ
دوای پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بڕیارە سبەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ـی وانەبێژان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەستپێبکات.
ئەمڕۆ شەممە 02-12-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی دابەشکردنی مووچەی وانەبێژان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دەستپێدەکات و لە ماوەی سێ رۆژدا تەواوی وانەبێژان مووچەکانیان وەردەگرن".
لەبارەی ناوچەکانی دیکەوە، کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، وانەبێژانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران هەفتەی رابردوو مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرگرتووە.
بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەی دیبلۆمیان هەیە 350 هەزار دینار و ئەوانەشی بەکالۆریۆسیان هەیە 400 هەزار دینار وەردەگرن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان 35 هەزار و 543 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە؛ کە مووچەی هەر وانەبێژێک بەگوێرەی بڕوانامەکەی لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دینارە.
دابەشکردنی مووچەی ئەیلوولی وانەبێژان لەکاتێکدایە، تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ناردنی پارەیە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ راگەیاندنی دابەشکردنی مووچە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ