رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پۆستێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەهای بیتکۆین بەڕێژەی زیاتر لە 20٪ بەراورد بە رۆژی دووشەممەی رابردوو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. نرخی یەک بیتکۆین بۆ نزیکەی 94 هەزار دۆلار بەرزبووەوە.
رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا رایگەیاند، ئەو بڕیاری جێبەجێکارییە کە سەبارەت بە دراوە دیجیتاڵییەکان لە مانگی یەکدا واژۆیی کرد، دروستکردنی یەدەکێکی نوێ بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان لەخۆدەگرێت بەتایبەتی دراوەکانی بیتکۆین، ئیسەر، ریپل و سۆلانا و کاردانۆ.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ ناوی ئەو دراوانەی وەکو یەدەکی دراوی دیجیتاڵی ناو نەهێنابوو. دۆناڵد ترەمپ لە پۆستەکەیدا دەڵێت، بیتکۆین و ئیسەر دەبنە چەقی یەدەکە نوێیەکەی ئەمریکا.
لەدوای پۆستەکەی ترەمپ، بەهای بیتکۆین بەرزبووەوە بۆ 94 هەزار و 154 دۆلار.
رۆژی هەینی، بەهای بیتکۆین بە نزیکەی 78 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا. نرخی دراوی دیجیتاڵی ئیسەریش بەڕێژەی 25٪ بەرزبووەوە بۆ 2 هەزار و 482 دۆلار.
بەهای ریپڵ بەڕێژەی 38٪، سۆلانا بەڕێژەی 20٪ و کاردانۆ بەڕێژەی 78٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی.
کریس وێستۆن، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (پێپێرستۆن) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ناوهێنانی دۆناڵد ترەمپ لە دراوە دیجیتاڵییەکان، ئاگری لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان بەرداوە و بە پێشهاتێکی ئەرێنی لەلایەن بازرگانانی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە دەبینرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ