رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرێکی بانکی RT دەڵێت، زیاتر لە 200 هەزار کارتی بانکییان هەیە و هیچ کێشەیەکی بەکارهێنانیان نییە.
ئەحمەد نەوزاد، بەڕێوەبەری رێگەپێدراو لە بانکی RT دەڵێت، کارتە بانکییەکانی وەک ماستەرکارد و ڤیزاکارد، لە سەرەتا تاڕادەیەک بەشێوەیەکی نەرێنی بەکاردەهێندران، بەڵام رێکارەکانی بانکی ناوەندی ئەو چالاکییە نەرێنی و نایاساییانەی کەمکردەوە.
ئەحمەد نەوزاد دەڵێت، ئێستا کارپێکردنەوەی کارتە بانکییەکان کەوتووەتە سەر ئەوەی تاوەکو چەند ئەو بانکانەی خاوەن کارتە بانکییەکانن، دەتوانن هەژماری بانکی بە کارتی بانکیی ماستەرکارد لە بانکە نێوەندگیرەکان بکەنەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، بۆ مەودای درێژ، ستراتیژییەتی کارپێکردنی کارتە بانکییەکان ئەوەیە لە رێگەی بانکە نێوەندگیرەکانەوە بێت، ئەوانیش وەکو بانکی RT ئامادەکارییان بۆ ئەم بابەتە کردووە. ئامادەشین ئەگەر ئەو پرۆسەیە لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق [TBI]ـەوە بێت.
بەپێی بەڕێوەبەرەکە، کارتە بانکییەکانی ماستەرکاردی بانکی RT لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق لە وڵاتانی دەرەوە کێشەیان نییە. بەپێی رێنماییەکان، بۆ کڕینی کاڵا و بازاڕکردن دەتواندرێت 5 هەزار دۆلار رابکێشرێت. بۆ گەشتیار تاوەکو 20 هەزار دۆلار و بۆ مەبەستی پزیشکیش 50 هەزار دۆلار.
ئەحمەد نەوزاد گوتیشی، هانی بەکارهێنانی پارە بەشێوەی نەختینە [کاش] نادەین، چونکە رسوماتی چەندین بانک و دامەزراوەی تێدەکەوێت.
باسی لەوەشکرد، بانکی RT زیاتر لە 200 هەزار کارتی بانکیی هەیە.
ئەحمەد نەوزاد دەڵێت، ئەو کارتە بانکییانەی بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێندرێن، یان بە ناوی کەسێکە و کەسێکی دیکە بەکاری دەهێنێت، ئەگەر بلۆککرا، دەکرێت لە رێگەی سکاڵا و رێکاری تایبەتەوە پارەکەی ناوی بگەڕێندرێتەوە و وەربگیرێتەوە.
کۆتاییەکانی نیسانی ئەم ساڵ، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو، بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان لە دەرەوەی عێراق سنووردار دەکرێت.
بە گوتەی شارەزایانی دارایی، بڕیارەکە پەیوەستە بە نیگەرانییەکان لەبارەی پابەندبوون بە رێکارەکانی ئەمریکا لەبارەی مامەڵەی دۆلار و هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردن و سپیکردنەوەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ