وەزارەتى نەوت شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستانى بە 1.8 ملیار دۆلار دیاریکردووە

04-08-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى نەوتى عێراق بڕى نەوتى بەرهەمهێندراوى رۆژانەى هەرێمى کوردستانى بە 430 هەزار بەرمیل مەزەندە کردووە و خەرجیى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى یەک بەرمیل نەوتى بە 19 دۆلار دیاریکردووە و، شایستەى دارایی کۆمپانیاکانیشی بۆ ساڵێک بە 1.8 ملیار دۆلار داناوە. 
 
بەگوێرەى بەڵگەنامەیەکى وەزارەتى نەوتى عێراق، کە لە 23ـى ئایارى 2023 ئاراستەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقى کردووە، روونکردنەوەى داوە لەبارەى شێوازى هەژمارکردنى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان.
 
لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە وەزارەتى نەوت کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونى نوێنەرى فەرمانگەى ئابووریى وەزارەتەکە و کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) کراوە و واژۆ لەسەر کۆنووسی کۆبوونەوەکە کراوە لەبارەى تێکڕاى شایستەى دارایی گرێبەستى کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان.
 
بەگوێرەى بەڵگەنامەکە؛ نوێنەرى کۆمپانیاى سۆمۆ پێى راگەیاندوون، بڕى نەوتى بەرهەمهێندراو لە هەرێمى کوردستان 430 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا و بڕى تێچووى یەک بەرمیل نەوت لە هەرێمى کورستان 12 دۆلارە و تێچووى گواستنەوەشی حەوت دۆلارە کە بەتێکڕا 19 دۆلار دەکات.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى 2023، دەبێت وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان بدات، بەڵام بەو پێوەرانەى کە وەزارەتى نەوت پەیڕەو دەکرێت لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت، کە بڕەکەى 10 دۆلارە بە بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
 
لە بەڵگەنامەکەى وەزارەتى نەوتدا و لەسەر بنەماى ئەو پێوەرەى دایناوە بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان، لە ساڵێکدا شایستەى کۆمپانیاکانى نەوت یەک ملیار و 883 ملیۆن و 400 هەزار دۆلارە، کە بۆ سێ ساڵ دەکاتە دوو تریلیۆن و 448 ملیار و 420 ملیۆن دینار.
 
لە یاساى بودجەى گشتیی عێراقدا، کە بۆ ماوەى سێ ساڵە، بڕى دوو تریلیۆن و 689 ملیار و 655 ملیۆن و 172 هەزار دینار تەرخانکراوە، وەک تێچووى نەوتى هەناردەکراو لە عێراق، هەروەها بۆ خەرجیى گواستنەوەى نەوت یەک تریلیۆن و 428 ملیار و 245 ملیۆن دینار تەرخانکراوە.
 
لە ماوەى رابردوودا یەکێک لە بەربەستەکانى بەردەم دانوستاندنى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت بوو، بەغدا ئامادەیە تەنیا پارەى تێچووى 52 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى هەرێمى کوردستان بدات، کە ئێستا بەرهەم دەهێندرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیستی دابەشکردنی مووچە مانگی نیسان

443 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و لیستی مووچە راگەیێندرا

لیستەکە ناو و وادەی دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی یەکەی 70 و 80، هێزی بەرگری و فریاکەوتن، زێرەڤانی، دەزگای ئاسایش، ئەنجوومەنی ئاسایش و پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکانی تێدا نییە.