رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 20 هەزار خانەنشین مووچەی مانگی 12ـی پار و هیچ مووچەیەکی ئەم ساڵیان وەرنەگرتووە و دۆخی ژیانیان نالەبارە.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، رۆژی دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 20 هەزار خانەنشین مووچەی مانگەکانی 12ـی پار، 1 تاوەکو 7ـی ئەم ساڵیان وەرنەگرتووە".
ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بوون، کە ژمارەیان زیاتر لە 30 هەزار کەس بوو.
سادق شێخ عوسمان دەڵێت: "مامەڵەی خانەنشینان ئەگەر هەمووشی تەواو کرابێت، مووچە بۆ هەموویان نەبەستراوە، بەڵام هەرکات مووچەی مانگی شەش بێت، دەبێت زیاتر لە 10 هەزار خانەنشین شەش مووچە پێکەوە وەربگرن".
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە ئەو خانەنشینانەی تاوەکو ئەمڕۆ هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن.
سادق شێخ عوسمان گوتیشی: "هەندێک خانەنشین هەن کە زیاتر لە هەزار کەسن، نێوەڕاستی ساڵی پار خانەنشین بوون مووچەی چوار بۆ پێنج مانگی ساڵی 2024یان تاوەکو ئەمڕۆ پێ نەدراوە و ناشزاندرێت کەی پێیان دەدرێت".
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، 303 هەزار و 353 خانەنشین هەن کە تێکڕای مووچەیان 195 ملیار و 353 ملیۆن و 522 هەزار دینارە؛ کە 186 هەزار و 377 خانەنشینی مەدەنی و 116 هەزار و 976 خانەنشینی سەربازین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ