رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سبەی یەکشەممە یان رۆژی دووشەممە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بڵاودەبنەوە و یاساکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 05-08-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە گوتەی وەزیری دارایی عێراق بێت، سبەی یەکشەممە یان رۆژی دووشەممە بە فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق رێنماییەکانی یاسای بودجە بڵاودەکاتەوە و بەو جۆرەش یاسای بودجە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، حکومەتی عێراق لە یاسای بودجە ناڕازییە و ئەوەشی بۆ کۆمەڵێک مادە و بڕگەی نێو یاساکە گەڕاندەوە، وەک دامەزراندنی 100 هەزار بۆ 150 هەزار کەس؛ ئەوەش وایکردووە دەرکردنی رێنماییەکان و جێبەجێکردنی یاساکە دوابکەوێت.
یاسای بودجەى گشتیى عێراق بەرەبەیانى 12ـی حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمانى عێراق پەسندکرا؛ لە 21ـی حوزەیران لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق یاساکەى پەسند کرد و رەوانەى وەزارەتى دادى کرد بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە.
یاساى بودجە لە 78 مادە پێکهاتووە، لەکاتێکدا بەر لە ئەنجامدانى گۆڕانکارى لە هەندێک لە بڕگەکانیدا لە پەرلەمان 67 مادە بوو.
یەکێک لە گۆڕانکارییەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 پەیوەندیدار بە قەبارەکەی پارەکەى بوو. پێشتر بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بوو؛ لەو دەستکارییکردنە هەر ساڵێک بووە 198 تریلیۆن و 975 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ