رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق لەرێگەی هەڵکەندنی دەیان بیری نەوت و چاکسازی لە سەدان بیری دیکە، دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بگەیێنێتە هەشت ملیۆن بەرمیل، ژمارەی ئەو بیرانەی لێدەدرێن زیاتر لە 42 بیرن و لە 10 پڕۆژەی حەوت کێڵگەی نەوت، هەروەها چاکسازی لە 150 بیری دیکەشدا دەکرێت. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لە سێ ساڵی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت نزیکەی دوو هێندەی ئێستای لێدێت."
وەزارەتی نەوتی عێراق دەستیکردووە بە لێدانی بیری نەوتی ناسریە/61 بە قووڵایی دوو هەزار و 96 مەتر لە کێڵگەی نەوتی ناسریە، ئەو بیرە نوێیەکە ژمارە 15یە لەو 20 بیرەی بڕیارە کۆمپانیای نەوتی زیقار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای وۆزەر فۆرد بۆ خزمەتگوزارییەکانی نەوتی لێیبدات.
ئێستا عێراق سەرقاڵی لێدانی 10 پڕۆژەی نەوتە لە حەوت کێڵگەی نەوت، کە بریتین لە کێڵگەکانی رومێلە، رۆژهەڵاتی بەغدا، زوبێر، مەجنوون، رۆژئاوای قوڕنە، غەڕاف، کێڵگەی پارێزگای میسان.
بەشێک لە پڕۆژەکانی بیرلێدان و چاکسازییەکان بریتین لە لێدانی 15 بیری نەوت لە کێڵگەی رومێلە و 27 بیر لە کێڵگەی رۆژهەڵاتی بەغدا، جگە لە چاکسازییەکان لە 150 بیر لە کێڵگەی میسان.
زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 5-9-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عێراق هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ژمارەی بیرەکانی زیادبکات و ئەگەر رووپێوییەکی نوێ هەبێت، یەدەگی نەوتیی عێڕاقیش لەو 145 ملیار بەرمیلە زیاتر دەبێت و دەبێتە زیاتر لە 200 ملیار بەرمیل."
هەروەها دەشڵێت، "عێراق دەیەوێت تاوەکو چوار ساڵی دیکە، بەرهەمی نەوت بۆ دوو هێندە زیادبکات."
رۆژی سێشەممە، 04-07-2023، خالید حەمزە عەباس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەڵکەندنی نەوت لە عێراق رایگەیاند: "کارمەندانی تەکنیکی و ئەندازیاریی کۆمپانیاکەمان لە شەش مانگی ئەمساڵدا 34 بیری نوێیان هەڵکەندووە و چاکسازیشیان لە 52 بیردا کردووە."
کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی، یەکێکە لە کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و لە ساڵی 1990 دامەزراوە، ئەرکی بریتییە لە هەڵکەندنی بیرەکانی نەوت و چاکسازی تێیاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ