رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کاریگەریی ئەو شەڕەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مانگێکی تێپەڕاندووە، بازاڕە جیهانییەکان رووبەڕووی "شۆکی جیۆپۆلەتیک"ی بوونەتەوە.
دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان بەردەوامە و ئەمڕۆ سێشەممە 7ی نیسانی 2026، لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکانی دیکە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمارکرد و لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 44.61 لیرە و یەک یۆرۆش بە 51.52 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێ.
ئەم دابەزینە بەردەوامەی بەهای لیرە، گرێدراوە بە جەنگی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی وزە و دارایی جیهان. بۆ رێگریکردن لە هەرەسی زیاتری لیرە، بانکی ناوەندیی تورکیا چەند رێکارێکی نائاسایی گرتووەتە بەر.
گرنگترین رێکارەکانی بانکی ناوەندی بریتین لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە 37٪ـەوە بۆ 40٪بە ئامانجی راکێشانی لیرە بۆ نێو بانکەکان و کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار. هەروەها زیادکردنە ئاشکراکانی یەک هەفتەیی بۆ دابینکردنی لیرە بۆ بانکەکان راگیرا. هەروەها کۆمپانیاکان ئێستا دەتوانن پێداویستیی دراوی بیانیی خۆیان راستەوخۆ لە بانکی ناوەندییەوە دابین بکەن، نەک لە بازاڕی ئازاد.
سەرەڕای ئەم رێکارە تووندانە، ناسەقامگیریی ناوچەکە و بەردەوامیی جەنگ، وایکردووە لیرە نەتوانێت بەرگری لە بەهاکەی بکات و بازاڕەکان هێشتا بە نیگەرانییەوە سەیری ئایندەی ئابووریی تورکیا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ