راوێژکارێکی پێشووی وەزارەتی نەوت: بەغدا نەوت وەک کارتی گوشار دژی هەولێر بەکاردەهێنێت

08-07-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
د. محەممەد عەبوودی، راوێژکار لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی نەوت
د. محەممەد عەبوودی، راوێژکار لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی نەوت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکار و بەڕێوەبەرێکی پێشوو لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "هۆکاری سیاسی لەپشت هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە و نابێت ببێتە بیانووی نەناردنی مووچە."
 
د. محەممەد عەبوودی، راوێژکار لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی نەوت دەڵێت، "کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت تەواو سیاسییە و هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی تەکنیکییەوە نییە. ئەگەر تەکنیکی بێت، چارەسەرکردنی زۆر ئاسانە."
 
د. عەبوودی رایگەیاند، "دەکرێت بابەتی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەش کە خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات، بە بڕیاری سیاسی چارەسەر بکرێت." گوتیشی، "سەرۆکوەزیرانە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دۆسیەی نەوت وەکو کارتی گوشار دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن."
 
ئەو راوێژکارەی بواری نەوت کە پێشتر بەڕێوەبەری بەشی هەڵکۆڵین بووە لە وەزارەتی عێراق دەڵێت، "بابەتە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت، دەکرێت لەنێو وەزارەتی نەوت یەکلایی بکرێنەوە و ئەگەر ئیرادە هەبووایە، لەمێژە چارەسەر دەکران."
 
قسەکانی د. محەممەد لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ سێشەممەی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.
 
لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، د. محەممەد عەبوودی گوتی، "ئێستا کەس نازانێت لە هەرێمی کوردستان چەند نەوت بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام ئەمە کێشە نییە."
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارە، زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکان پێویستیان بە پەرەپێدان یان پەرەپێدانەوە دەبێت دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت." جەختیشی کردەوە، "ئەمە کێشەیەکی تەکنیکییە و نابێت ببێتە هۆی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
 
لەبارەی پێدانی تێچووی دەرهێنانی نەوت، عەبوودی دەڵێت، "پێشتر حکومەتی عێراق بە سەرکردایەتیی مستەفا کازمی ئامادە بوو ئەم تێچووە بدات. ئێستا نازاندرێت ئاراستەی حکومەتی عێراق چییە، بەڵام پرسەکە سیاسییە نەک تەکنیکی و دەبێت بە بڕیاری سیاسی چارەسەر بکرێت." 
 
لەبارەی دابینکردنی بەنزین و سووتەمەنی بە نرخی هەرزان و پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان، د. محەممەد عەبوودی گوتی، "هیچ بەربەستێک لەبەردەم حکومەتی عێراق نییە بۆ دابینکردنی ئەو بەرهەمانە بۆ هەرێمی کوردستان."
 
وەک د. محەممەد عەبوودی دەڵێت، "ئێستا لە تەواوی عێراق بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو هەیە کە 450 دینارە بۆ هەر لیترێک، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە 750 دینارە. ئەمە رەوا نییە و ئەرکی حکومەتی عێراقە بۆ خەڵکی دابین بکات و جیاوازییان لەنێواندا نەکات."
 
د. محەممەد عەبوودی دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستانیش مافی هەیە داواکاریی لەم شێوەیە پێشكێش بکات. بەڵام ئەمە پێویستی بە رێککەوتنێکی گشتگیرە کە دەبێت بە بڕیاری سیاسی بێت نەک تەکنیکی".
 
دوو رۆژە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و گفتوگۆ لەسەر رەشنووسێک دەکەن کە تایبەتە بە رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە دوو سەرچاوەی بەغدا و هەولێرەوە دەستی کەوتووە، هەڵوێستی جێگیریی تیمەکەی حکومەتی فیدراڵی وایە کە تاوەکو تەواوی ئەو نەوتەی رادەست دەکرێت نەخرێتە نێو بۆریی هەناردەکردنەوە، مووچە نانێرن. دوای ئەو قۆناخە، لێکۆڵینەوە لە قەرزی کۆمپانیاکان دەکەن بۆ ئەوەی لەبارەیەوە رێککەوتن بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 62 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی نەوت لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی چوارشەممە دابەزی. یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 62 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.