بەریتانیا سوودی بانکیی لە بەرزترین ئاستی 16 ساڵ دەهێڵێتەوە

09-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی بەریتانیا سوودی بانکی لە 5.25٪ دەهێڵێتەوە. ئەمە بەرزترین ئاستە لەدوای ساڵی 2008ـەوە.
 
ئاندرێ بایلی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی بەریتانیا رایگەیاند: "بەر لەوەی دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکەین، دەبێت بەڵگەی زیاتر ببینین کە هەڵاوسان لە ئاستێکی نزمدا دەمێنێتەوە."
 
لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی بەریتانیا لە 9 ئەندام پێکدێت. دوویان داوایان کردبوو لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا رێژەی سوود 0.25٪ کەمبکرێتەوە.
 
ئەمە دەبێتە شەشەمین کۆبوونەوەی لەسەریەک کە بەریتانیا سوودی بانکی وەک خۆی بهێڵێتەوە.
 
یایل سێڵفین، ئابووریناس لە دامەزراوەی KPMG UK بۆ راوێژکاری دارایی دەڵێت: "هێشتا بانکی ناوەندیی بەریتانیا لەسەر ئەو بۆچوونەیە کە لە هاویندا سوودی بانکی کەمبکاتەوە."
 
بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان، بەریتانیا ئامانجیەتی هەڵاوسان بۆ 2٪ یان نزیک ئەو ئاستە کەمبکاتەوە. لە مانگی ئاداردا رێژەکە بۆ 3.2٪ دابەزی، لەکاتێکدا پێشبینیی دابەزینی زیاتر دەکرا.
 
بەراورد بە کۆتاییەکانی ساڵی 2022، هەڵاوسان لە بەریتانیا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئەوکاتە بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە، هەڵاوسان گەیشتە زیاتر لە 11٪ کە بەرزترین ئاستی 41 ساڵی پێشتر بوو.
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی بەریتانیا دەڵێت: "هەواڵی خۆشمان لەبارەی هەڵاوسانەوە پێگەیشتووە. پێشمانوایە لە دوو مانگی داهاتوودا بۆ نزیک ئاستی ئامانجمان دادەبەزێت."
 
بایلی گوتیشی: "گەشبینم بەوەی شتەکان بە ئاڕاستەی دروستدا دەڕۆن."
 
دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی بەریتانیا، نرخی پاوەند بەرامبەر بە دۆلار دابەزی؛ 100 دۆلار بە 124.5 پاوەند مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئامانجی بانکە ناوەندییەکان لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە لەلایەن هاووڵاتییەکانیانەوە؛ وەرگرتنی رێژەیەکی زیاتری سوود لەو کەسانەی پارەکانیان لە بانکە وایان لێدەکات کەمتر پارەکانیان لە بانک رابکێشن.
 
بەوەش خواست لەسەر کڕینی کاڵاکان کەمدەبێتەوە، بەوەش نرخی بەرزیی کاڵاکان بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوە دادەبەزن، ئەوەش هەڵاوسان دادەبەزێنێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە