رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە یەکەم رۆژی کرانەوەی بازاڕەکانە لەم هەفتەیەدا، بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت و بەهای دۆلار بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ نزیکەی 30 دۆلار دابەزی بۆ 4720 دۆلار.
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو کەشتییانەی کە ئامانجەکانیان ئێرانە، بلۆک دەکات و ئەوەش بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دواجار زیانی لە نرخی کانزای زەرد دا.
سوپای پاسداران لە بەرامبەردا هۆشداریی داوە نزیکبوونەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز وەک پێشێلکردنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە دەبینێت و بە تووندی رووبەڕوویان دەبێتەوە.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "شکستی دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد، ئەگەرەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیادکردووە و ئەوەش پاشەکشەی بە نرخی زێڕ کردووە."
لەو کاتەوەی کە جەنگی ئێران دەستیپێکردووە، نرخی زێڕ تاوەکو ئێستا بەڕێژەی 11٪ بەهای خۆی لەدەستداوە.
تیم واتێرێر دەڵێت، "تاوەکو ئەو کاتەی نرخی نەوت لە سەرووی 100 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەبکرێت، ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە هەیە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ