رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، هۆشداریی تووند لەبارەی دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت، سوودانی لەگەڵ لایەنەکان قسەی کردووە و رایگەیاندووە ئەگەر حکومەتی نوێ پێکنەهێنرێت و پەرلەمان دەسەڵاتی پێنەدات دەستبردن بۆ یەدەگی عێراق کاری قورس دەبێت. گوتیشی، "رەنگە تاوەکو دوو مانگی دیکەش عێراق بتوانێت مووچە بدات ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت."
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئادار بۆ دوو ملیار دۆلار دابەزیوە، ئەمەش گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر حکومەتی عێراق.
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست پێیوایە، "ئەگەر حکومەتی نوێ پێکنەیەت، دەستبردن بۆ یەدەگی دراو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە زۆر قورس دەبێت." دەشڵێت: حکومەتی عێراق ناتوانێت مووچە بە لێبڕینەوە دابەش بکات، چونکە مووچە بەپێی یاسا رێکخراوە، بەبێ یاسا سەرۆکوەزیران ناتوانێت بڵێت مووچە بە 50% یان 60% دابەش دەکەم، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت.
سەبارەت بە دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رەخنەی تووندی لە شێوازی حکومڕانی گرت و گوتی، "حیزبڕانییەکی تەواو هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و شتێک نەماوە بەناوی حکومەت. لە خاڵە سنوورییەکاندا، حیزب جووڵە بە هەموو شتێک دەکات؛ لە سنووری سلێمانی هەر تانکەرێک نەوت، گاز، یان بەنزین داخل بێت، دەبێت 500 دۆلار بداتە حیزب."
عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای گرانبوونی نرخی کارەبا بۆ پێنج هێندە، بەڵام حکومەت پارەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبای نەداوە و ئەوانیش هەڕەشەی کوژاندنەوەی وێستگەکان دەکەن.
عەلی حەمەساڵح باسی لە وەستانی پڕۆژەکان کرد، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەڵێت، "پڕۆژەکانی دەربەندیخان، دووکان، رانیە و هەڵەبجە، لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ وەستاون. داهاتی سلێمانی لە 150 ملیار دینارەوە بۆ 35 ملیار دینار دابەزیوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ