رووداو - هەولێر
کۆمپانیای فۆرد رایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە سوکانی ئەو ئۆتۆمبێلانەدا، یەک ملیۆن و 200 هەزار ئۆتۆمبیلی جۆری ئێکسپلۆرێر مۆدێلی ساڵەکانی 2011 تاوەکو 2017 لە بازاڕی ئەمریکا دەکشێنێتەوە.
کۆمپانیای فۆرد دووەم گەورە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبیلە لە ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو کێشە تەکنیکییە ئەگەری رووداوی هاتووچۆ زیاددەکات، چونکە ئەگەری هەیە شۆفێر کۆنترۆڵی سوکان لە دەستبدات.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەو کاتانەی کە ئێکسپلۆرێر بە هەوراز و نشێوی زۆر و رێگەی سەخت تێپەڕدەبێت ئەگەری سەرهەڵدانی ئەو کێشەیە زیاتر دەبێت.
فۆرد ئاشکرای کردووە، بۆ چاککردنەوەی ئەو کێشەیە 180 ملیۆن دۆلار خەرجدەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە جگە لە جۆری ئێکسپلۆرێر، سێ جۆری دیکەی ئۆتۆمبێلی فۆرد مۆدێلی 2009 تاوەکو 2017، بەناوەکانی تۆرۆس، فلێکس و لینکۆڵن کە لە بازاری کەنەدا خراونەتەڕوو کێشەی هاوشێوەیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ