ئەمریکا هۆشداری دەداتە بانکەکان: سوپای پاسداران دۆلار لە رێگەی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە دەگوازێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی بانک و دامەزراوە داراییەکان کرد سەبارەت بە هەوڵەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان.
 
تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان (FinCEN) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم هۆشدارییە بە ئامانجی یارمەتیدانی بانکەکانە بۆ ناسینەوەی ئەو تۆڕانەی دابینکردنی دارایی، کە پشتگیری لە سوپای پاسداران دەکەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی فینسێن، سوپای پاسداران سوود لە کۆمپانیا وەهمییەکان، ژێرخانی دراوە دیجیتاڵییەکان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری وەردەگرێت بۆ ئەوەی خۆی لە سزاکانی ئەمریکا بپارێزێت.
 
لە هۆشدارییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، چالاکییە داراییەکانی ئێران لە رێگەی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە (کریپتۆ) گەیشتووەتە "ملیاران دۆلار لە ساڵێکدا" و حکومەتی ئێران و سوپای پاسداران ئەم رێگەیە بۆ کڕینی پێداویستییە سەربازییەکانیان بەکاردێنن.
 
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئاگربەست لەگەڵ ئێران "تەنیا 1% هیوای ژیانی ماوە" و پێشنیازەکانی تارانی بۆ ئاشتی رەتکردەوە. ئەم دۆخە مەترسییەکانی دەستپێکردنەوەی پێکدادانە سەربازییەکانی لە جەنگە دە هەفتەییەکەدا زیاتر کردووە.
 
ئەمریکا کە سزایەکی زۆری بەسەر ئێراندا سەپاندووە، رۆژی هەینی رابردووش زنجیرەیەک رێکاری نوێی دژی 10 کەس و کۆمپانیا راگەیاند کە بنکەکانیان لە چین و هۆنگ کۆنگە. ئەو لایەنانە تۆمەتبار کراون بەوەی هاوکاریی ئێرانیان کردووە بۆ دەستکەوتنی کەرەستەی خاو بۆ دروستکردنی درۆنەکانی (شاهید) و مووشەکی بالیستی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە