رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لەم مانگەدا دوو کەشتی هەڵگری نەوتی عێراق تەنگەی هورمزیان تێپەڕاندووە؛ بەڵام دەڵێت، بڕەکە "کەم" بووە.
رۆژی سێشەممە 12ی ئایاری 2026، باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا هەناردەی نەوت تەنیا لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت کە بڕەکەی نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە، لەگەڵ "بڕێکی کەم" لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە.
باسم محەممەد گوتیشی، "لەم مانگەدا دوو کەشتی کە نەوتی عێراقیان هەڵگرتبوو بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، دوایین دانەیان رۆژی یەکشەممە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی لە بەسرە بارکرد."
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "ئەگەر تەنگەی هورمز بکرێتەوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا دەتوانن بگەینەوە بە توانای هەناردەی سێ ملیۆن بەرمیل." دەشڵێت، "کێشەکە ئەوەیە کە خاوەن کەشتییەکان ئێستا ناتوانن سەرکێشی بە کەشتییەکانیانەوە بکەن و نەوت بە تەنگەکەدا بار بکەن."
لەبارەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک – جەیهان، کە بە هێڵی بۆریی نیشتمانی ناوی دەبرێت، گوتی، "هێشتا خەریکی چاککردنەوەی بۆرییەکەین لەبەر ئەوەی کێشەی زۆری تێدایە، رەنگە مانگێکی دیکە کارەکانی تەواوبن."
27ی تەممووزی 2025، حکومەتی تورکیا رایگەیاند کە رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، کە لە ساڵی 1973وە کاری پێدەکرێت، لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.
ئەو رێککەوتنە بۆ یەکەمجار رۆژی 27ی ئابی 1973 لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا و رۆژی 27ی 7ی تەممووزی ئەم ساڵ کۆتایی دێت.
باسم محەممەد دەڵێت، "تورکیا داوای ئەوە دەکات کە هاوکارییە دوولایەنەکان لەبواری نەوت و پیشەسازییەکانی زیاتر بکرێت و، داواش دەکات گۆڕانکاری لە خاڵەکانی رێککەوتنی پێشوو بکرێت بەتایبەتی لە بابەتی کرێی بۆرییەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ