رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 15 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 3,371 دۆلار. دواتر بۆ خوار ئەو ئاستە دابەزی و ئێستا بە نزیکەی 3,360 دۆلارە.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش، نرخی فرۆشتنی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=696,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=665,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=570,000 دینار
کێلڤن وۆنگ، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای ئواندا (OANDA) دەڵێت، "دەبینین جارێکی دیکە خواست لەسەر پەناگەی ئارام دروست بووەتەوە بەهۆی ئەو نادڵنیاییەی کە لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتی پێناسە گومرگییە جیهانییەکەی ئەمریکا هەیە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشبینیی کورتخایەن بۆ زێڕ ئەرێنییە و ئەگەر نرخی زێڕ بتوانێت لەسەر ئاستی رۆژانە لەسەرووی 3,360 دۆلارەوە دابخرێت، ئەوا ئەگەری هەیە بەرەو ئاستی بەرگریی داهاتوو بەرزببێتەوە کە 3,435 دۆلارە."
ترەمپ رۆژی شەممە بڕیاریدا بەڕیژەی 30٪ پێناسی گومرکی بەسەر مەکسیک و یەکێتیی ئەورووپا بسەپێنێت کە بە دوو هاوبەشی سەرەکیی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێن.
ئەمە دوای ئەوە هات چەندین هەفتە دانوستاندن لەگەڵ ئەو دوو هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەی ئەمریکا شکستی هێنا.
یەکێتیی ئەورووپا و مەکسیک بڕیارەکەیان بە "نادادپەروەرانە و تێکدەر" وەسفکرد. یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند کە هەڵپەساردنی رێکارەکانی لە پێناسی گومرگی بەسەر ئەمریکا تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب درێژ دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە گوشارکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی.
ئێستا وەبەرهێنەران چاوەڕێی داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا دەکەن بۆ مانگی حوزەیران کە بڕیارە رۆژی سێشەممە بڵاوبکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئاماژەی زیاتر لەبارەی ئاراستەی رێژەی سوودی بانکیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا وەربگرن.
لە مانگی ئایاردا رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا 2.4٪ بووە.
زێڕ، کە زۆرجار وەک سەرمایەیەکی پارێزراو لە کاتی ناجێگیریی ئابووریدا سەیر دەکرێت، لە ژینگەیەکدا کە رێژەی سوودی بانکی نزم بێت، نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ