رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکدی، بازاڕەکانی ئێران بە داخراوی ماونەتەوە.
ماڵپەڕە نیمچە فەرمییەکانی وەک نەڤەسان کە نرخی ئۆنلاینی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆیی ئێران پێشاندەن، بەهای نوێی تمەنیان بەرامبەر دۆلار دانەناوە.
ئەو گرووپانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مامەڵە بە دراوەکانەوە دەکەن، بەهای یەک دۆلاریان بەرامبەر 94 هەزار تمەن دەستنیشان کردووە.
ماڵپەڕی (تجارت نیوز) کە ماڵپەڕێکی ئابووری گرنگی ئێرانە دەڵێت، نرخی دۆلار لە هەفتەی رابردوو بە 83 هەزار تمەن داخرا، بەڵام رۆژی یەکشەممە لە بازاڕی نیمچە فەرمی و ئۆنلاین بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 90 هەزار تمەن.
ئەو ماڵپەڕە رایگەیاندووە، بازاڕەکان هەفتەی رابردوو چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد خولی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەبچێت و نرخی دۆلار لە بەرامبەر تمەن کەمێک بەرزتر بووە لە 83 هەزار تمەن، بەڵام شەڕی دوو رۆژی رابردووی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئاراستەی نرخی دۆلاری بەرامبەر تمەن گۆڕیوە.
شەوی رابردوو هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران تووندتر بوو، لە بەرامبەردا ئێرانیش هێرشی مووشەکی کردە سەر بەندەری حەیفا و پاڵاوگەیەکی نەوتی کردە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ