رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نەوتی رادەست نەکردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستی بە چوارچێوەیەکی فراوانترە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی رادەستی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ نەکردووە."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر رادەستکردن و هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە، بەڵام رێککەوتنەکە پێویستی بە چوارچێوەیەکی فراوانترە و چاوەڕوان دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو بکرێ."
دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی راگەیاند، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی رۆژی شەممەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوتن.
رۆژی پێنجشەممە، 14ی ئابی 2025، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانمان ئاگادارکردەوە کە وەک کۆمپانیای نەوتی باکوور ئامادەیی تەواومان کردووە بۆ وەرگرتنی نەوت. بڕیاربوو ئەمڕۆ نەوتەکە وەربگرین و هەناردە بکرێت، بەڵام بەدەستمان نەگەیشت."
عامر خەلیل، کە خۆی سەرۆکایەتیی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردبوو، گوتی: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێی راگەیاندین، هێشتا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. بڕیارە رۆژی شەممە لەگەڵ کۆمپانیاکان کۆببنەوە. ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەکەین."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور دووپاتی کردەوە کە "بۆریی نەوت بەتەواوی ئامادەیە. کۆمپانیاکەمان 13 کارمەندی لە زاخۆ و ناوچەکانی دیکەی رێڕەوی بۆرییەکە تاوەکو تورکیا داناوە، 8 کارمەندیشی لە بەندەری جەیهان داناوە و بەتەواوی ئامادەین بۆ هەناردەکردن."
لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی کە بڕیارە رادەستیان بکرێت، عامر خەلیل گوتی: "لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێیان گوتین هێشتا بڕەکە دیار نییە کە چەند رادەست دەکەین، بەڵام ئاگادارین ئێستا رۆژانە 150 هەزار بەرمیل بەرهەم دێت، 50ی بۆ ناوخۆ و 100 هەزاریش بۆ هەناردەکردن. بەگوێرەی زیادبوونی بەرهەمیش، بڕی هەناردەکردن زیاتر دەکرێت."
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆنووسی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەلایەن "23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە کە 17 یان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکان لە 17ـی تەممووز دەستیان پێکرد و لەو ماوەیەدا سەردانی تەواوی کیڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
وەزارەتەکە دەڵێت، دوای هەڵسەنگاندنی کێشە تەکنیکییەکان، 11ـی ئاب رێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت کرا. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ گل دەدرێتەوە و ئەوەی دیکە بەگوێرەی بەرهەمی رۆژانە رادەستی سۆمۆ دەکرێ.
لە ئاداری 2023ـەوە هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ