رووداو- هەولێر
سەرۆكی كۆمەڵەی زێرینگرانی كوردستان باس لەوەدەكات، بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق رێژەی هاوردەكردنی زێڕ كەمی كردووە، بەشێكی زۆری زێرینگرانی كوردستان تووشی قەرزبوون.
قارەمان جەوهەر، سەرۆكی كۆمەڵەی زێرینگرانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و دواكەوتنی پێدانی مووچەی فەرمانبەران، زێرینگرانی كوردستان تووشی ئەزمەیەكی گەورە بوونەتەوە".
قارەمان جەوهەر گوتیشی: "زۆر زێڕینگری كوردستان تووشی قەرزێكی زۆر بوون، بەهۆی ئەوەی بڕێكی زۆر زێڕیان بە قەرز هاوردەی كوردستان كردووە، بەڵام ئێستا توانای دانەوەی قەرزەكەیان نییە".
قارەمان ئاماژەشی بەوەكرد، كە تاوەکو ئێستا هیچ زێرینگرێك تووشی ئیفلاسبوون نەبووە، بەڵام بەبڕی جیاواز تووشی قەرزێكی زۆر بوونەتەوە.
رێژەی هاوردەكردنی زێڕ لەساڵانی رابردوو:
لە ساڵی 2011، 25 هەزار و 423 كیلۆگرام زێڕ هاوردەی هەرێم كراوە.
لە ساڵی 2012، زیاتر لە 58 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێم كراوە.
لە ساڵی 2013، 90 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێم كراوە.



