سۆمۆ بۆ رووداو: رێڕەوی هەناردەکردنی نەوت دەگۆڕێت؛ کەرکووک بۆ جەیهان و بەسرە بۆ بانیاس

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگەیاند و ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر تەنگەی هورمز، پلانیان هەیە لە رێگەی سووریا و ئوردنەوە نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکەن.
 
باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان، رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سوپاس بۆ خوا، ئەمڕۆ کاژێر 6:30ی بەیانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، توانیمان هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سیستمی باکوورەوە دەستپێبکەینەوە."
 
بریکاری وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد کە دەستپێکردنەوەکە بە توانای 170 هەزار بەرمیل بووە و گوتیشی: "بەهۆی یەکخستنی هەوڵەکان و هاوکاریی نێوان کادیرانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و کادیرانی هەرێمی کوردستان، پشتیوان بە خودا بڕی هەناردەکردنەکە بۆ 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە."
 
باسم محەممەد خزەیر روونیکردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت و رێنمایی سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیراندایە، "بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو زیانە گەورەیەی بەهۆی راگرتنی هەناردەکردن لە رێگەی سیستمی باکوورەوە دروستبوو."
 
سۆمۆ: رێگەی سووریا و ئوردن بەکاردەهێنین
 
لەلایەکی دیکەوە، عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی نەوت کار دەکات بۆ هەناردەکردنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی لەبەردەستدایە.
 
بەڕێوەبەری سۆمۆ هۆکاری گەڕان بەدوای رێگەی نوێی بۆ بارودۆخی ناوچەکە گەڕاندەوە و گوتی: "بەهۆی کردەوە جەنگییەکان کە بوونە هۆی داخستنی تەنگەی هورمز یان پەککەوتنی کەشتیوانی، کە شادەماری سەرەکی هەناردەی عێراقە، رێکاری نوێمان گرتووەتەبەر."
 
عەلی نزار شەتری ئاشکرای کرد، شانەی قەیرانەکان لە وەزارەت بڕیاری داوە لە رێگەی تانکەرەوە نەوت بگوازرێتەوە بۆ ئەو بەندەرانەی جیاوازن لە بەندەرە ئاساییەکانی باشوور، گوتیشی: "ئێستا کار بۆ گواستنەوەی نەوت لە رێگەی سنوورەکانی سووریا و ئوردنەوە دەکرێت و هاوئاهەنگی ئاستبەرز لەگەڵ لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان و وڵاتانی دراوسێ کراوە."
 
نەوتی بەسرە دەچێتە سەر دەریای نێوەڕاست
 
بەڕێوەبەری سۆمۆ مژدەی ئەوەی دا کە دەروازەیەکی نوێ بۆ نەوتی بەسرە دەکرێتەوە و گوتی: "ئێمە ئەم هەلە دەقۆزینەوە بۆ کردنەوەی دەرەچەیەکی نوێ بۆ نەوتی خاوی بەسرە لە رێگەی سووریاوە بۆ بەندەری بانیاس و پاشان بۆ دەریای نێوەڕاست."
 
سەبارەت بە بایەخی دارایی ئەم هەنگاوە، عەلی نزار شەتری گوتی: "ئێستا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئەوروپا گەیشتووەتە 103 بۆ 105 دۆلار، هەرچەندە بڕی هەناردەی باکوور کەمترە لەوەی لە باشوور لەدەستمان داوە، بەڵام بەم نرخانە داهاتەکەی دەگاتە نزیکەی دوو ئەوەندەی ئەو بڕەی ئێستا هەناردە دەکرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری سۆمۆ، عێراق لەگەڵ کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان گرێبەستی هەناردەکردنی 850 بۆ 900 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە. دەشڵێت:" هەمەجۆرکردنی بەندەرەکان و بەکارهێنانی جەیهان و بانیاس، گوشارەکان لەسەر بەندەرەکانی باشوور کەم دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بارودۆخەکە ئاساییش ببێتەوە."
 
دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ئاداری 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانی تورکیاوە راگیرا، لە 22ـی ئەیلوولی 2025، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە واژۆ کرد، رۆژی چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە