رووداو-هەولێر
كاربەدەستانی وەبەرهێنانی كوردستان رایدەگەیەنن كە دوای پێنج ساڵ لە راوەستان، جارێكی دیكە كەرتی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان گەشە بەخۆیەوە دەبینێتەوە، لەكاتێكدا پێشتر قەیرانی دارایی تەنگی بەو كەرتە هەڵچنیبوو.
مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند، زیاتر لە 60٪ی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە كەرتی پەروەردە، تەندروستی، پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و رێگاوبانەكان دەستیان بەكار كردووەتەوە و "وەبەرهێنان بەشێوەیەكی بەرچاو دەستی بە جووڵە كردووەتەوە".
پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەچاو چەند ساڵی رابردوو بەرەپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەوەش دوای ئەوە دێ كە بەغدا بڕیاری دا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و پێشمەرگە بنێرێ. لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵیش حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هێنا كە ماوەی سێ ساڵ بوو پەیڕەو دەكرا.
گوتەبێژەكەی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە "لە ساڵی 2014 زیاتر لە 80٪ی پرۆژەكان بە تەواوەتی وەستان" و دۆخی وەبەرهێنان لە 2015 و 2016 یشی بە "زۆر زۆر خراپ" وەسفكرد. بەگوتەی مەلا یاسین وەبەرهێنان لەو پرۆژانە لە ناوەڕاستی 2017 وە بە هێواشی دەستیانپێكردەوە، بەڵام "لە 2018 وە گەشەی زیاتری كرد و ئەمساڵ زیاتریش گەشە دەكات". قەبارەی ئەو پرۆژانە 17 بۆ 18 ملیار دۆلار بووە.
بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوەكانی عادل عەبدولمەهدی بە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو گەشەسەندنە دەزانن، مەلا یاسینیش دەڵێ: "ئەگەر عادل عەبدولمەهدی بەردەوام بێ لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا باش بن، كەرتی وەبەرهێنان پەرەسەندنی زیاتریش بەخۆوە دەبینێ".
بەگوێرەی گوتەبێژەكە، هۆكارێكی دیكەی ئەو پەرەسەندنەش ئەوەیە كە حكومەت لە ناوەڕاستی 2017 وە نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار قەرزی بەڵێندەرانی داوەتەوە و ئێستا تەنیا 250 ملیۆن دۆلاری ماوە و بەگوتەی مەلا یاسین "ئەمساڵ شتێك بەناوی قەرزی بەڵێندەران (لەسەر حكومەت) نامێنێ".
ئیبراهیم رێكانی، بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان، بە (رووداو)ی گوت، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 3500 بەڵێندەر هەن، 1482 بەڵێندەر لە هەولێرن كە 200یان بەڵێندەری بیانین. 1100 بەڵێندەریش لە سلێمانی و 900 بەڵێندەریش لە دهۆكن. پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بە 60٪ی بەڵێندەران قەرزدار بوو.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە دارایی هەرێمی كوردستاندا دروست بوو لە كاتی قەیرانە داراییەكە و پاش هێرشەكانی داعش لە 2014، یەك ملیار دۆلاری لە بانكە تایبەتەكان قەرز كرد. بەگوتەی شێروان ئەنوەر مستەفا، سەرۆكی ئەنجوومەنی بانكە تایبەكانی كوردستان، حكومەت لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە 500 ملیۆن دۆلاری ئەو قەرزانەی داوەتەوە.
بە گوتەی مەلا یاسین، لە ساڵی 2006 بەدواوە زیاتر لە 1000 پرۆژە بە بەهای 48 ملیار دۆلار لە هەموو بوارەكاندا جێبەجێكراون، هەندێكیش بە ناتەواوی ماونەتەوە گوتەبێژەكە لەوبارەوە گوتی: "پرۆژەكانی وەبەرهێنان بە بەهای 18 بۆ 19 ملیار دۆلار تەواوكراون". پرۆژەی دیكەش هەن بە بەهای 18 ملیار دۆلار كە پەسەندكراون، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێ نەكراون.
سەبارەت بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش، مەلا یاسین مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لە چوارچێوەی پلانی حكومەتدا 300 ملیار دینار بۆ هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك دانراوە.
قەیرانی دارایی زیانی گەورەی بە كەرتی بازرگانی هەرێمی كوردستانیش گەیاند، گوتەبێژەكەی یەكێتی وەبەرهێنانی كوردستان پێشبینی دەكات كە قەبارەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی و ناوچەكانی دیكەی عێراق لە ساڵی 2019دا بۆ 19 ملیار دۆلار بەرز بێتەوە، جەختی لەوەش كردەوە كە "گەورەترین كێشە"ی بەردەم وەبەرهێنەران ئەوەیە "كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ