رووداو دیجیتاڵ
بەدەل محەممەد باجلوری، جووتیارێکی پارێزگای دهۆكە، 20 ساڵ لەمەوبەر تەنیا 30 دار فستق لە باخەکەیدا هەبوو، ئێستا زیاتر لە 450 دار فستقی هەیە، 25%یان لە قۆناخی بەرهەمدان. دەڵێت: "كەشوهەوای هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی فستق، بەڵام دەبێت جووتیار بزانێت چ جۆرە فستقێک دەچێنێت.
باجلوری ئەزموونی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: زۆر جۆر فستقی تاقیكردەوە، تاوەکو بۆی دەركەوت جۆری ئەحمەد ئاغایی ئیران زۆر گونجاوە بۆ دەڤەری بادینان. هەروەها جۆری كەلەقوچیش كە لە دهۆک ناونراوە ماڵتا بۆ ناوچەکەی ئەوان گونجاوە و بەرهەمی باشە، جۆری عەباس عەلیش بەرەکەی زۆر گەورە و جوانە بەڵام كەم بەرهەمە و ئابووری نییە".
ئەو جووتیارە ساڵانە نزیکەی 850 كیلۆ فستق بەرهەمی هەیە، لە ناوخۆ خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام دەڵێت بەهۆی دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی، ماوەی سێ ساڵە وەك پێویست پارە ناكات، كیلۆیەک فستق بە 8 هەزار دینار دەفرۆشێت.
باران بارینی زۆر و تەزرە و سەرمای بەهارە، كاریگەری زۆری لەسەر بەرهەم و كواڵێتی فستق دەبێت، چونكە بەهۆیانەوە داری فستق تووشی نەخۆشی دەبێت و گوڵەكانی دەوەرێت، لە وخاكانەشی زیاتر قوڕین بەهۆی زۆر ئاو راگرتن رەگی هەندێ لە دارەكان وشك دەبێت.
فستق کە بە "زێڕی سەوز"ی ناوی دەهێندرێت لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆری لەسەرە، ساڵ بە ساڵ رووبەری چاندنی فستق لە هەرێمێ کوردستان زیاد دەکات، بە جۆرێک ساڵانە نزیكەی 250 تاوەكو 300 دۆنم باخی فستق لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای دهۆك بە تایبەتی دەچێندرێت.
فستق دارێكی گەڵاوەریوی تەمەندرێژە ، بەرزییەکەی دەگاتە زیاتر لە چوار مەتر، ئەم درەختە نێرە و مێیەی هەیە، هەر 10 دارێكی مێ بۆ پیتاندنی گوڵەکانیان پێویستیان بە دارێكی نێر هەیە، بۆیە چاندنی لێزانینی دەوێت.
ئەم رووەكە لە هەموو جۆرە خاكێك دەڕوێت، بەڵام چاندنی زیاتر لە خاكێكی لمی و سووك سەركەوتووە، پێویستی بە ئاوی زۆریش نییە، بۆیە چاندنی زیاتر لەو ناوچانە سەركەوتووە كە تێكڕای رێژەی بارانبارینی ساڵانەیان دەگاتە 300 مللیمەتر. بەپێی توێژینەوەكان كەشوهەوا و خاكی زۆربەی ناوچەکانی كوردستان بۆ چاندنی فستق گونجاوە.
دار فستق، بەرگرییەكی باشی بۆ گەرمی و ساردی هەیە، بەرگەی 50 پلەی گەرمی و 20 پلەی ژێر سفری سەدی دەگرێت، بەڵام گرفتی داری فستق لەوەدایە لە تەمەنێكی دیاریكراودا پێویستی بە موتوربەكردنە، رێژەی سەركەوتنی موتوربەكەش ئەگەر بە شارەزایی نەكرێت زۆر نییە.
دار فستق بەگوێرەی خزمەت و كەشی ناوچەكە لە تەمەنی 7 تاوەكو 10 ساڵی دەگاتە بەرهەمێكی ئابووری، هەر لە سەرەتاشەوە پێویستی بە خزمەت و چاودێری تایبەت هەیە.
بۆ گەشەپێدانی ئەم بەرهەمە ستراتیژییە، وەزارەتی كشتوكاڵ ساڵی 2009 بڕیاری دروستكردنی 100 باخی 10 دۆنمی نموونەیی بە پاڵپشتی 75% بۆ جووتیاران دا، بەڵام بەهۆی گرفتی موتوربەكردن و هەندێ گرفتی دیكە لەكۆی ئەو 100 باخ، تەنیا 33 باخیان سەرکەوتوو بوون.
سەركەوتنی ئەم باخە نموونەییانە ، خواستی چاندنی ئەم بەرهەمەی لای جووتیاران زیاتر كرد، وەزارەتی كشتوكاڵ لەساڵی 2011 بۆ دابینكردنی نەمام فستق، 5 دۆنم زەوی لە نەمامگەی باخی بازیان بۆ دروستكردنی نەمامگەیەكی تایبەت بە فستق بە پسپۆرێكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەخشی، ئێستا نەمامگە حكومییەكان ساڵانە 40 تاوەكو 50 هەزار نەمام بە نرخی پاڵپشت بە جووتیاران دەفرۆشن.
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان ئێستا نزیكەی 450 تاوەكو 500 هەزار دار فستق لە هەرێمی كوردستان هەن، 400 جووتیاریش خاوەنی باخی فستقن.
هێرش هەورامی، بەڕێوەبەری نەمانگەی چوار وەرزەی فستق لە نەمامگەی بازیان، دەڵێت: "بۆ فرۆشتنی نەمام و موتوربەكردنی باخی جووتیاران نەماممان لە زۆربەی جۆرەكانی فیستی ئێرانی هێنا، ئێستا چوار وەرزە نەماممان بۆ فرۆشتن هەیە، ساڵانە 20 تاوەكو 30 هەزار نەمام دەفرۆشین، نرخی نەمامەكانیشمان لەنێوان 2 بۆ 7 هەزار دینارە".
هێرش هەورامی، پێشتر 17 ساڵ ئەزموونی لە چاندنی فستق لە ناوچەی كرمانی ئێران هەبووە و 10 ساڵیشە لە هەرێمی کوردستانە، دەڵێت "بە ئەزموون بۆم دەركەوتووە ناوچەی شارباژێر، قەرەداخ و سەنگاو لە پارێزگای سلێمانی بۆ چاندنی فستق زۆر گونجاوترە لە ناوچەی كرمانی ئێران، كە یەكێكە لە بەناوبانگترین ناوچەكانی ئێران بۆ چاندن و بەرهەمهێنانی فستق".
فستق جۆری زۆرە، بەڵام بە گوتەی هەورامی جۆرە هەرەباشەكانی فستقی ئێرانی بریتین لە كەلەقوچی، ئەحمەد ئاغایی و ئەكبەری.
چاندنی نەمامی فستق و دروستكردنی باخی فستق بەتایبەت لە کوردستان لە گەشەیەكی زۆر خێرادایە، تەنیا نەمامگەکەی هەورامی لە 10 ساڵی رابردوودا نزیكەی 200 هەزار نەمامی فستقی بە جووتیاران فرۆشتووە.
بەگوتەی ئەو پسپۆرە، باخی فستق ئەگەر بەشێوەی زانستی بچێندرێت و خزمەت بكرێت لە نەوت باشترە، چونكە وەك ئەو دەڵێت :"خەرجی دەرهێنانی نەوت زۆرە و بەرهەمەكەشی بەردەوام نابێت، بەڵام بەپێچەوانەوە چاندنی فست خەرجی زۆری ناوێت و بەرهەمەكەش بەردەوامە و نرخێكی باش دەكات و بەردەوامیش خواستی لەسەرە".
دهۆک ساڵانە 1500 تۆن فستقی هەیە
لە کۆی 33 باخە نموونەییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ کە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، 15 باخیان لە پارێزگای دهۆکن. بەشێك لەو باخانەش لە قۆناخی بەرهەمدان، سەركەوتنی ئەم باخانەش خواستی چاندنی داریفستقی لای جووتیارانی پارێزگای دهۆك زیادكردووە.
دكتۆر ئەمجەد عوبەید، بەڕێوەبەری باخداری دهۆك، دەڵێت: "لە پارێزگای دهۆك خواستێكی زۆر لەسەر چاندنی فستق هەیە، بۆیە ساڵانە رووبەری 150 تاوەكو 200 دۆنم باخی فستق لە دهۆك زیاد دەكات، بە جۆرێك لە سێ ساڵی رابردوودا نزیكەی 500 دۆنم باخی فستق لە سنووری پارێزگای دهۆك زیادبووە، ئێستا زیاتر لە 1500 دۆنم باخی فستق لە پارێزگای دهۆك هەن، نزیكەی 40% لە قۆناخی بەرهەمدان و ساڵانە نزیکەی 1500 تۆن بەرهەمیان هەیە".
بە گوتەی دکتۆر ئەمجەد بە مەبەستی هاندانی جووتیاران بۆ چاندنی فستق ساڵانە 15 تاوەكو 20 هەزار نەمامی فستق بەرهەمدەهێننن و بە هەزار دینار بە جووتیارانی دەفرۆشنەوە.
زۆرترین رووبەری باخی فستق لە پارێزگای دهۆك لە سنووری قەزاكانی ئاكرێ و ئامێدیی، هەروەها لە زاخۆ، شنگال، زاویتە و سمێل چەند ناوچەیەكی دیكەش باخی فستق هەن، زۆربەی دارەكانیش لەسەر باشترین جۆری فستقی ئێران موتوربە كراون، بۆیە بەرهەمیان باشە.
فستق بەهایەکی بەرزی خۆراکی هەیە و یەكێكە لە بەرهەمە ستراتیژییە ئابوورییەكان، بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ زۆر وڵات، لەسەر ئاستی جیهاندا ئەمەریكا، ئێران، توركیا، سووریا و چین بە پێنج گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێن و هەناردەی فستق دادەنرێن، ساڵانە بە هەزاران تۆن فستق هەناردە دەكەن.
لە دوای ئەمەریكا، ئێران دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری فستقە و ساڵانە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلاری لە هەناردەکردنی ئەم بەرهەمە دەستدەکەوێت. بۆیە لەدوای نەوت بە دووەم سەرچاوەی دراوی قورس بۆ ئێران دادەنرێت.
بەپێی ئامارەكان ئەمەریكا لە هەناردە و بەرهەمی فستق لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەكەمدایە، ساڵانە 400 تاوەكو 440 هەزار تۆن فستقی هەیە، ئێران لە پلەی دووەم دایە ساڵانە 220 هەزار تاوەکو 280 هەزار تۆن بەرهەمی هەیە، توركیاش ساڵانە 120 تاوكو 170 هەزار تۆن فستقی هەیە.
لەهەرێمی كوردستان چەندین كارگەی ئامادەكردنی جەرەزات هەن، ساڵانە بۆ پێویستی بازاڕی هەرێمی كوردستان وعێراق بە هەزاران تۆن فستق لە ئێران و توركیا و ئەمەریكا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن، تەنانەت هەندێكجار بەرهەمەكانیان هەناردەی وڵاتانی ئەوروپاش دەكەن.
دڵشاد كاكەسوور، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای مەشهەد لە پارێزگای سلێمانی بۆ بازرگانی فستق، دەڵێت: "باخەكانی فستق لە هەرێمی كوردستان تەمەنیان بچووكە هێشتا نەگەیشوونەتە بەرهەمێكی ئابووری، بۆیە كارگەكانی جەرەزات بۆ 100%ی پێویستییەكانیان پشت بە بەرهەمی هاوردەی ئێران و توركیا دەبەستن".
بەگوتەی دڵشاد، دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە شارەكانی عێراق كەمتر فستق دەخۆن، بۆیە نزیکەی 80%ی ئەو فستقەی بازرگان و كارگەكانی جەرەزات هاوردەی دەكەن، هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێت، بۆ نموونە دڵشاد کە ساڵانە زیاتر لە 2000 تۆن فستق لە ئێران هاوردە دەكات، 90%ی لە شارەكانی عێراق ساخدەکاتەوە.
دڵشاد كاكەسوور، گوتی: "بەهۆی كاریگەری كۆرۆنا و گەمارۆی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، نرخی فستقی ئێرانی زۆر هەرزان بووە، كیلۆی بە 4 تاوەكو 8 دۆلار دەگاتە سلێمانی ، لە کاتێکدا پێشتر كیلۆی بە 8 تاوەكو 12 دۆلار بوو".
سەبارەت بە فرۆشی فستق لە هەرێمی کوردستان، دڵشاد دەڵێت: "ساڵانە زیاتر لە 2000 تۆن فستق لە هەرێمی كوردستان دەخورێت، خەڵک زیاتر خواستیان لەسەر فستقی كوالێتی بەرزە، بۆیە ئەگەر 7 دۆلار بۆ هەر كیلۆیەك فستق دیار بكەین، دەتوانین بڵێین ساڵانە بایی 14 ملیۆن دۆلار فستق لە هەرێمی كوردستان دەخورێت"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ