رووداو دیجیتاڵ
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بەراورد بە دوێنێ 25 هەزار دینار دابەزی. هاوکات هەموو جۆرەکانی دیکەی زێڕ بە رێژەی جیاواز نرخیان دابەزی.
بەگوێرەی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بۆ رووداو، ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 35 هەزار دینارە، عەیاری 22 بە ملیۆنێک و 85 هەزار دینارە".
نرخی جۆرەکانی دیکەی زێڕ ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە:
عەیار 18 مسقاڵێکی بە 887 هەزار دینارە. عەیار 14 بە 690 هەزار دینارە، عەیار 12 بە 590 هەزار دینارە و یەک مسقاڵ عەیاری 9 بە 443 هەزار دینارە.
سەندیکای زێڕنگران رایگەیاندووە: "نرخی زێڕ ئەمڕۆ لەسەر بنەمای یەک ئۆنسە بە 4764 دۆلار دانراوە، هاوکات 100 دۆلار بە 154 هەزار و 650 دینار هەژمار کراوە".
نرخی مسقاڵێک زێڕ دوێنێ چوارشەممە بەمشێوەیەبوو:
- عەیار 21 – یەک ملیۆن و 60 هەزار
- عەیار 22 – یەک ملیۆن و 110 هەزار دینار
- عەیار 18 – 908 هەزار دینار
- عەیار 14 – 706 هەزار دینار
- عەیار 12- 605 هەزار دینار
- عەیار 9 – 455 هەزار دینار
هۆکارەکانی دابەزینی نرخی زێڕ
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاریدا سوودی بانکی وەک خۆی جێگیر بکات و گۆڕانکاری تێدا نەکات. بەوپێیەش سوودی بانکی لە ئاستی 3.5٪ تاوەکو 3.75٪ هێشتەوە.
هۆکاری سەرەکیی بڕیاری بانکەکە بۆ جێگیرکردنی سوودی بانکی بۆ ترس لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دەگەڕێتەوە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەئەگەری زۆرەوە سەرهەڵدەداتەوە.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکیدا دوای راگەیاندنی سوودی بانکی، رایگەیاند،شەڕی ئێران، نادڵنیایی زۆری لە ئابووریدا دروستکردووە.
بەهۆی جەنگ و ناجێگیریی بازاڕ و ئابووریی جیهان، ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ 98 دۆلاری دیکە دابەزی و بە 4721 دۆلارە. ئەوەش لەکاتێکدا، لە 24 کاژێردا زیاتر لە 250 دۆلار دابەزیوە.
هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ئەمدواییانەی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە، کە نیگەرانیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دروستکردووە.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بانکەکان و بەتایبەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچار دەکات، نەتوانن رێژەی سوود کەمبکەنەوە، ئەوەش خستنەڕووی دۆلار کەمدەکاتەوە و نرخەکەی بەرزدەکاتەوە، لە بەرامبەردا زێڕ و کانزاکانی دیکە دادەبەزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ