ئامانج رەحیم: تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان لەسەر حکومەتی فیدراڵی تەنیا 280 ملیار دینارە

19-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "لە دوای کەوتنە واری جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی سێ قۆڵی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئێستا هەرێمی کوردستان بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنی سێ قۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەرژەوەندی هەموولایەکە، "وەک دەرئەنجامەکەی دەبینین کە کۆمپانیاکانی نەوت شایستە و مافەکانیان مسۆگەر کراوە و هەوڵی زیادکردنی بەرهەمهێنان دەدەن؛ هەروەها لە بەرژەوەندی عێراقیشە کە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە داهاتی فیدراڵی و لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیشە کە نەوتەکەی بە نرخێکی زیاتر لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت."
 
ئامانج رەحیم دەڵێت، هەرێمی کوردستان بە داهاتی خۆی، رێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
 
1. بە گوێرەی دوایین لێدوانی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری گشتی نەوتی باکوور، بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت کە داهاتی کاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت) دەکاتە (545 ملیار) دینار مانگانە، کە داهاتەکەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵە.
 
2. بڕی 120 ملیار دیناری دیکەی مانگانە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بە کاش دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق.
 
خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ، 945 ملیار دینارە. بە گوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، "بە لێدەرکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان کە بە کاش مانگانە دەچێتە سەر هەژماری دارایی فیدراڵ، لە ئەنجامدا تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان لەسەر حکومەتی فیدراڵی ئێستا تەنیا (280 ملیار دینار)ی پێویستە کە بە رێژە دەکاتە 30%ی مووچەی مانگانە."
 
ئامانج رەحیم ئاماژە بەوە دەکات، "هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حکومی، خەرجی بە جیا لە داهات هەژمار دەکرێ، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حیساب بکەین کە 16 دۆلارە بۆ یەک بەرمیل، ئەو کات تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان بە تێچووی نەوتیشەوە تەنیا نزیکەی 400 ملیار لەسەر حکومەتی فیدراڵی دەکەوێ کە دەکاتە رێژەی 40%ی مووچەی مانگانە."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دڵنیایی دا لەوەی، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و گوتی، "دڵنیام بە ئاسانی دەگەینە ئاستی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
 
ئامانج رەحیم هیواخوازە، لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی هەناردەکردنەوەی نەوت "بخرێتە چوارچێوەی پرۆگرامی وەزاری و رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.