پەرلەمانتارێکی کورد
رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی کردنەوەی نووسینگەی پێدانی دۆلاری نەختینە بە نرخی فەرمی
لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و جەلال تاڵەبانی "قۆناخی باشیان بڕیوە و بڕیارە بەمنزیکانە
پارێزگاری بانکی ناوەندی دەرگای کێبڕکێ بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکاتەوە".
عەلی شێخ خاڵس بەرزنجی،
ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی
دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری
بانکی ناوەندیی عێراق قسەی کردووە و رۆژی
دوو ئەم مانگەش نووسراوی دووپاتکردنەوەی ئاراستە کردووە؛ بەپێی زانیارییەکان،
"پرۆسەی کردنەوەی نووسینگەی دابەشکردنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی
هەولێر و جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە و تەنیا میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی
ماوە، بڕیارە دۆلارەکەش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندییەوە دابین بکرێت".
بەپێی نووسراوێکی ئەو
پەرلەمانتارە کە لە 2ـی تشرینی دووەمی 2026 ئاراستەی پارێزگاری بانکی ناوەندی کراوە،
داوا کراوە لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری، گەشتیاران لە هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێمی
کوردستان هاوشێوەی فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق بەشە دۆلاری خۆیان بە نرخی فەرمی پێبدرێت.
گرنگترین خاڵەکانی
نووسراوەکە؛ "پاڵپشت بە مادەی 14ـی دەستووری عێراق، تەواوی هاووڵاتییان لەبەردەم
یاسادا یەکسانن و نابێت هیچ جیاکارییەک لە نێوان گەشتیارانی فڕۆکەخانەکانی عێراق و
هەرێمی کوردستاندا هەبێت."
جەخت لەسەر نووسراوە
کانی نێوان بانکی ناوەندی و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کراوەتەوە،
بۆ خێراکردنی کردنەوەی دەروازەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لەنێو هەردوو فڕۆکەخانەدا.
هەروەها داوا کراوە بە زووترین کات ڕێکارە دارایی و کارگێڕییەکان کۆتاییان پێبهێنرێت،
تاوەکو باری گرانی سەر شانی گەشتیاران لە کڕینی دۆلاری بازاڕی تەریب سووک بکرێت.
رۆژی 1ی تشرینی دووەمی
2026، مەحموود داغر، راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی و گوتەبێژی بانکەکە سەبارەت
بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، بە
تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەک بانکی ناوەندی بۆ هەر گەشتیارێک بڕی
دوو هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی خەرج دەکەین کە دەتوانێت لە ساڵێکدا شەش جار سوودی
لێ وەرگرێت. بەڵام میکانیزمی پێدانی بە گەشتیاران لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە
پێویستی بە هەندێک رێکخستنی کارگێڕی و تەکنیکییە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەدواداچوونی
بۆ دەکەین و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەڵامی یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدەین."



