بانکی ناوەندیی هەرێم: هیچ فەرمانێکمان بەدەست نەگەیشتووە مووچەی پێشمەرگەی ئەیلوول نەدەین

20-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی رەتیدەکاتەوە، فەرمانیان بەدەست گەیشتبێت بۆ ئەوەی لە سنووری سلێمانی مووچەی پێشمەرگەی ئەیلوول نەدەن و دەڵێت: "بانکەکە هیچ جیاوازییەک لە نێوان پیشمەرگەکان ناکات."
 
رۆژی پێنجشەممە 20-04-2023، د. ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە گوایە فەرمانمان بەدەست گەیشتووە بۆ ئەوەی ئاگاداری بانکەکان بکەینەوە مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی ئەیلوول نەدەین، دوورە لە راستی."
 
بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی دەشڵێت: "بانکەکە هیچ کاتێک جیاوازی لە نێوان خەبات و ماندووبوون و تێکۆشانی هیچ پێشمەرگەیەک نەکردووە و نایکات، هەموویان بەیەک چاو دەبینین."
 
بەپێی ئەو خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی مووچەی مانگی ئادار وەربگرن. 
 
وەک د. ماکوان جەمیل دەڵێت: "تائێستا مووچەی خانەنشینانی سەربازی بۆ بانکەکان نەنێردراوە تاوەکو جیاوازی بکرێت، تەنانەت بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانیش مووچەیان وەرنەگرووە، چونکە دابەشکردنی ئەوان کراوەتە پلەبەندی بۆ شارەوانی سەرەتا لە دابەشکردنی مووچەی کرێکاران دەستمان پێکرد و بۆ خانەنشینان لە پلەی نەقیبەوە، چونکە داهاتی پێویست بەردەست نییە، ئەمڕۆش هەرچەند پارە هەبێت بۆ بانکەکانی دەنێرین." 
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی گوتی، تائێستا [کاژێر 11:30] لە بانکی مەڵکەندی و باخان مووچەی خانەنشینان دابەشنەکراوە. 

 

خانەنشینێک لە بەردەم بانکی مەڵکەندی بە پەیامنێری رووداوی گوت: "سەردانی بانکمان کردووە دەڵێن، پارە لە بانک نییە مووچە دابەشبکەین، بەڵام دەڵێن، دوێنێ بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی مووچەیان وەرگرتووە." خانەنشینێکی دیکە ئاماژەی بەوەکرد کە رۆشتوونەتە بانکی مەڵکەندی پێیان گوتراوە، نە فەرمانبەری لێیە نە پارە. 
 
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان گوتی، تائێستا [کاژێر 11:30] لە گەرمیان مووچەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی دابەشنەکراوە، ئەمڕۆ لە دەوازەی سنووری پەروێزخانەوە نزیکەی یەک ملیار دینار بۆ بانکی گەرمیان هاتووە، بەڵام بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی ئاگاداریان کردوونەتەوە کە بەشێک لەو پارەیە بۆ ئەوان بنێرن بۆ ئەوەی مووچەی چەند بەڕێوەبەرایەتییەک دابەشبکەن. 
 
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، هونەر حەمید گوتی، بڕیار بووە تەنیا ئەوانە مووچە وەربگرن کە مووچەکانیان لە خوارووی 500 هەزار دینارەوەیە، بەڵام "بانکی شێروانە مووچەی پێشمەرگەی ئەیلوولی خستووەتە دوای جەژنی رەمەزانەوە هەرچەندە  کە بەشێکیان مووچەیان لە 300 بۆ 500 هەزار دینار دەستپێدەکات، خانەنشینانی دیکەش ئێستا مووچە وەردەگرن." 
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە ئیدارەی راپەڕین لە بەردەم بانکێک کە مووچەی خانەنشینانی سەربازی تێدا دابەش دەکرێت، گوتی، بەپلەبەندی هەموو خانەنشینان وەستاون و مووچە وەردەگرن و هیچ گرفتێک لە دابەشکردنی پارەکانیان نییە، بەڵام هەندێک قەرەباڵخی دروست بووە، چونکە دوێنێ پشوو بووە و کەسیان نەڕۆشتوون بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان. 
 
خانەنشینێک لە ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی گوت، رۆشتووەتە ژوورەوە بۆ وەرگرتنی مووچەکەی، بەڵام پێیان گوتووە کە ناتوانیت ئەمڕۆ مووچە وەربگریت، چونکە بە پلە بەندییە و ئەمڕۆ پلەی ئەو ناگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە