پسپۆڕێکی وزە: گرێبەستی گاز هێرشی پێچەوانەی هەرێمی کوردستانە بۆ سەر بەغدا

20-05-2025
سەمیر نوعمان، شارەزای نەوت و گاز و د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕ و شارەزای وزە میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوون
سەمیر نوعمان، شارەزای نەوت و گاز و د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕ و شارەزای وزە میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی لە واشنتن لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی لە بواری وزە واژۆ کرد، قەبارەکەی 110 ملیار دۆلارە، بەغدا یەکسەر هاتە سەر هێڵ و لە رێگەی وەزارەتی نەوتەوە گوتی 'ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتەبەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە'.
 
سەمیر نوعمان، شارەزای نەوت و گاز و سەرپەرشتیاری پێشووی کاری هەڵکۆڵین لە کۆمپانیای دانەگاز لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئەم گرێبەستە بەهۆی گەورەیی قەبارەکەیەوە زۆر بەخێرایی کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە سەردەگرێت و یاساییە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەگەر دڵنیا نەبوونایە ریسکێکی وا گەورەیان ئەنجام نەدەدا.
 
گوتیشی: ئەم گرێبەستە وەکو هێرشی پێچەوانەی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر بەغدا لەکاتێکدا عێراق دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرتووە، هاوکات بەغدا ناتوانێت پەرەپێدانی گاز لە هەرێمی کوردستان رابگرێت، چونکە پەرەپێدانەکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی نێوخۆییە.
 
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دوو رێککەوتننامەکەی واشنتن بڵاوکردەوە و وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە: "ئەو گرێبەستانە نوێ نین و پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانیان بە یاساییبوونیاندا ناوە. حکومەت دەڵێت ئامانج لەمە پڕکردنەوەی پێداویستی نێوخۆییە و لە رێگەی زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق"
 
د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕ و شارەزای وزە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بواری گاز سەرکەوتووترە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پلانی هەیە 100٪ پێداویستی گاز بۆ کارەبا پڕبکاتەوە.
 
گوتیشی: تێبینییەکانی عێراق لەبارەی گرێبەستەکە سیاسییە نەوەک تەکنیکی و یاسایی و بەغدا خۆی بەهۆی ئەجێندای دەرەکییەوە پەرە بە کەرتی گاز نادات لەکاتێکدا خاوەنی یەدەگێکی زەبەلاحی گازی سرووشتییە بەتایبەت لە کێڵگەی عوکاز.
 
ئەم دوو گرێبەستە، یەکێکیان لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنە، کە بەهاکەی نزیکەی 40 ملیار دۆلارە، ئەوی دیکەش لەگەڵ وێسترن زاگرۆس کە بەهاکەی نزیکەی 70 ملیار دۆلارە.
 
هەردوو ئەو کێڵگەیەی کە ئەم دوو گرێبەستە دەیانگرێتەوە لە سنووری سلێمانی، کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیرن و ئێستا جێی مشتومڕە لەنیوان هەولێر و بەغدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە