رووداو - هەولێر
رەگی ژیواریی بەنداوی دەربەندیخان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. دەربەندیخان لەسەر رووباری سیروان، بەڵام لە باشووری کوردستاندا دروست کراوە.
حکومەتی ئێران ساڵانێکە هەوڵ دەدات پێش بەم رووبارە بگرێت. چەندین بەنداوی لەسەر دروست کراوە. لەوانە بەنداوی قشلاخ، گاوشان، ژاوە، گاڕان، ئازاد، داریان. بەگوتەی ژینگەپارێزەکان، ئەم هەموو بەنداوە کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای چوار وەرزی ناوچە دادەنێت. کێشە ئەوەیە تەنیا ئەوانە نین. بەنداوگەلێکی دیکەش خەریکە لەسەر سیروان دروست دەکرێ، وەک بەنداوی بڵبەر.
لە نزیک گوندی بڵبەر. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ناوچەکانی رۆژهەڵاتیی کوردستان، بن ئاو دەکەوێت. بەڵام کاریگەریی بەستنی ئاوی سیروان تەنیا ئەوە نیبە. بەڵکو هەموو ئەو خەڵکەی لەسەر رووباری سیروان دەژین، کاریگەریی لێ وەردەگرن. تەنانەت ناوچەکانی خوارووتری بەنداوی دەربەندیخانیش.
ئەمە بەشێکی بچووک لە پرۆژەیەکی گەورترە. پرۆژەیەک کە دەیەوێت هەموو ئەو ئاوانەی لە سنوورەکانی ئێرانەوە دەچنە دەرەوە، کۆنترۆڵ، پێشیان بگیرێ و بۆ نێو خاکی ئێران بگوێزرێنەوە.
لە پارێزگای سنە حەوت بەنداو خەریکە دروست دەکرێ، کە بەگوتەی جێگری سەرۆککۆمار ئەمساڵ کارەکانیان تەواو دەبێت. پارەی هەمووشیان بە ئیزنی رێبەری ئێران دابین کراوە. ئەمە جگە لە 27 بەنداوی دیکەش کە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دان.
پرسی ئاو بووەتە کێشەیەکی ئەمنی بۆ ئێران. هۆکاریش وشکەساڵییەکان. بۆیە پرۆژەکانی بەنداوەکان لە ئاستی کەلانی حکومەتیدا چاودێریان بەسەردا دەکرێ. ئایەتوڵا خامنەیی خۆی لە پشت ئەم پرۆژانەوە راوەستاوە. تەنانەت سەربەخۆ لە حکومەتەکان کار بۆ بەستنی رێوڕەوی ئاوە سنوورییەکان دەکرێ.
لێدوانی عەلی مەروی، سەرۆکی کۆمیسیونی وزەی پارلمان گوتوویەتی: 10 ملیار دۆلار لە سندووقی پەرەپێدانی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵی ئاو سنوورییەکان وەرگیراوە. بەئیزنی ریبەری ئێران. ئەم پارەیە ساڵی رابردوو وەرگیراوە.
بەڵام پێش ئەویش رێبەری ئێران چەندەها ملیار دۆلاری بۆ کۆنترۆڵی ئاوە سنوورییەکان تەرخان کردووە. ئەمانە هەموو جیاواز لە بودجەکانی حکومەتیش. پرۆژەگەلێک کە دەتوانێ هۆکاری خوڵقاندنی کێشە لەگەڵ دراوسێکان بۆ ئێران بێت. خەڵکانێکی زۆر لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژیانیان گرێدراوی ئاوی ئەو رووبارانەیە کە پێشیان دەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ