شارەزایەک: ئۆنسەیەک زێڕ 4381 دۆلار بشکێنێ، بەرزتر دەبێتەوە

21-10-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
حاجی سەعد، خاوەن کۆمپانیای بازرگانیی زێڕ لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکەشکاری رووداو.
حاجی سەعد، خاوەن کۆمپانیای بازرگانیی زێڕ لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکەشکاری رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شارەزایەکی بازاڕی زێڕ دەڵێ، پێشتر بازاڕی زێڕ دوو جار سیناریۆیەکی هاوشێوەی دۆخی ئێستای بینیوە؛ هەردوو جارەکەش دابەزینی بەرچاوی هەبووە.
 
حاجی سەعد، خاوەن کۆمپانیای بازرگانیی زێڕ گوتی، ناجێگیریی ئەم دواییانەی نرخی زێڕ بەشێکی بەهۆی قسە دژبەیەکەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.
 
رۆژی هەینی، 10ـی ئەم مانگە ترەمپ گوتی، پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا هەناردەکراوەکانی چین بۆ ئەمریکا 100٪ زیاد دەکات و پێویستیش ناکات لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
 
ترەمپ دواتر گوتی، پێناسە گومرگییەکانی سەر چین تاهەتایی نین و لەگەڵ سەرۆکی چین کۆدەبێتەوە.
 
بە گوتەی حاجی سەعد کە شارەزای بازاڕی زێڕیشە، ئێستا بازاڕی زێڕ چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆکەیە و پێی وایە "ئەو کۆبوونەوەیە بەدڵنیاییەوە ئەنجامی ئەرێنی دەبێت، چونکە ترەمپیش بەوە ناسراوە کە سوپرایز]ی هەیە لە کۆبوونەوەکان".
 
لەسەر ئاستی هەفتانە، لە نۆ هەفتەی رابردوودا زێڕ بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتە هێناوە. 
 
حاجی سەعد دەڵێ، پێشتر دوو جار لە ساڵەکانی 2008 و 2020 هەمان شت روویداوە کە زێڕ نۆ هەفتەی لەسەریەک نرخەکەی بەرزبووەتەوە. لە هەردوو ساڵدا دوای ئەو بەرزبوونەوە زۆرە، دابەزینی بەرچاوی تۆمارکردووە کە گەیشتووەتە ئاستی 400 دۆلاریش.
 
ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ 86 دۆلار دابەزی و بە 4271 دۆلارە. ئێوارەی دوێنێ گەیشتە 4381 دۆلار.
 
بە بڕوای حاجی سەعد، زێڕ ئەگەر ئاستی 4381 بشکێنێت، ئەوکاتە "دەتوانین بڵێین ئاراستەی بەرزبوونەوەی وەرگرتووە، ئەگەرنا زیاتر پێشبینیی دابەزینی دەکرێ".
 
ئەو شارەزایە باس لەوەش دەکات، بۆ ئەوەی خەڵک لە زەرەر دوور بێت، پێویست ناکات لەو سەرمایەی هەیەتی زیاتر زێڕ بکڕێ.
 
گوتیشی، ئەم هەفتەیە کڕین و فرۆشتن کەمبووەتەوە بەراورد بە هەفتەکانی پێشوو. خواستیش زیاتر لەسەر قاڵبی زێڕە نەوەک زێڕی جوانکاری.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە