تەیف سامی بۆ رووداو: پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی چواری هەرێمی کوردستان دەکەین

22-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی عێراق لە ئەمریکاوە بە رووداوی گوت، لیستی مووچەی [مانگی نیسان]ـی هەرێمی کوردستانیان بەدەست گەیشتووە.
 
رۆژی سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا".
 
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە ئەمریکایە بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "لیستی مووچەی هەرێمی کوردستانمان بەدەست گەیشتووە، پێیدا دەچینەوە و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسند دەکرێت."
 
بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، کۆبوونەوەی ئاسایی خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەبچێت.
 
بە گوێرەی وەزارەتی دارایی، رادەستکردنی لیستەکە لە کاتێکدایە، رۆژی یەک شەممەی رابردوو، "راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئازار و راپۆرتی کۆتایی ساڵی 2024، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە".
 
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارییان لە داهاتی نانەوتیی مانگی ئادار بۆ بەغدا ناردووە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە