رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی بەردەوامبوونی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران و دەڵێ، رۆژ دوای رۆژ زیان و کاریگەرییەکانی گەورەتر دەبن.
راپۆرتێکی (کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری رۆژئاوای ئاسیا) ئاماژە بەوە دەکات، زیانی ئەو جەنگەی لە 28ی مانگی رابردووەوە لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە لە زیادبووندایە، بە جۆرێک تاوەکو ئێستا زیانێکی ئابووریی 63 ملیار دۆلاری لە ناوچەکە داوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، جەنگەکە بووەتە هۆی پەکخستن و داخستنی ژمارەیەک رێگەی گرنگی بازرگانی. بۆ نموونە، گواستنەوەی نەوت و کاڵای دیکەی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بە رێژەی 96% تاوەکو 97% دابەزیوە و زیانی ئەویش رۆژانە بە 2.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێ، و قەبارەی زیانەکەش لە 2 هەفتەی یەکەمی جەنگەکەدا لەم بوارەدا بە 30 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێ.
کۆمیسیۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگەکە و دەڵێ، ئەگەر ئەم جەنگە یەک مانگ بخایەنێت، ئەو کاتە قەبارەی زیانەکەی دەگاتە نزیکەی 150 ملیار دۆلار، کە ئەوەش 3.7ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ناوچەکە پێک دەهێنێت.
(کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری رۆژئاوای ئاسیا) دەڵێ، سەرەکیترینی ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی زیانەکە دەبنەوە بریتین لە وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، واتە سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات و کوێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو وڵاتانەی بەشێکی سەرەکی ئابوورییەکەیان پشت بە وزەی وڵاتانی دیکە دەبەستێت، رووبەڕووی گوشاری گەورەی ئابووری دەبنەوە، بەتایبەتی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.
بە گوێرەی کۆمیسیۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە پێش دەستپێکردنی ئەم شەڕەش باش نەبوو. بۆ نموونە، 210 ملیۆن کەس (نزیکەی 43%ی دانیشتووانی ناوچەکە) لە دۆخ و ژینگەیەکدا دەژیان کە جەنگ کاریگەری لەسەری هەبوو و تەنانەت 82 ملیۆن کەسیان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بوو. هەربۆیە بەردەوامبوونی جەنگەکە واتای ئەوەی هەیە کە دەکرێ ئەم دۆخە خراپتر بێت.
لە 2ی ئەم مانگە حیزبوڵڵای لوبنان بە مووشەک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و ئەوەش وایکرد، شەڕی نێوان ئەو گرووپە چەکدارییە و ئیسرائیل دەست پێبکاتەوە. کۆمیسیۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، دۆخی ئابووری و مرۆیی لوبنان لە دۆخی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە خراپترە. کۆمیسیۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، بەردەوامبوونی جەنگەکە دەبێتە هۆی زیادبوونی زیانە ئابوورییەکان لەو وڵاتەدا، چونکە ژێرخان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دەکرێنە ئامانج و ئەنجامێکی ئەوەش بریتی دەبێ لە داڕمانی ئەو ئابوورییەی لە ساڵی 2019ەوە تێکچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ