تەیف سامی داوایەکى '2 تریلیۆن دینار'ى رەتدەکاتەوە؛ پەیوەندی بە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانەوە هەیە

25-05-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرى دارایی عێراق داوایەکى لیژنەى دارایی پەرلەمان رەتدەکاتەوە بۆ دامەزراندنى چەند چینێک لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق و ئاماژە بەوە دەکات، دامەزراندنى ئەو کەسانە دوو تریلیۆن دینار قورسایی دەخاتە سەر بودجە.
 
رۆژی چوارشەممە، 24ـى ئایارى 2023، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق نووسراوێکى ئاراستەى لیژنەى دارایی پەرلەمان کرد کە تێیدا وەڵامى چەند داواکارییەکى داونەتەوە لەبارەى دامەزراندنى چەند چینێک کە لیژنەکە داوای کردووە بۆ ئەوەى بخرێتە نێو پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق، کە ئێستا لیژنەکە لە هەنگاوى کۆتایی ئامادەکردنیدان بۆ دەنگدان لەنێو پەرلەمان.
 
لە بڕگەیەکى نووسراوەکەدا وەزیرى دارایی عێراق ئاماژەى بەوەداوە "ناتوانن دەرفەتى دامەزراندن بۆ 10 چین لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى فەراهەم بکەن کە لیژنەکە داوایکردووە".
 
25ـى ئایارى 2023، نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەوانەی کە وەزیرى دارایی دامەزراندنیانی رەتکردووەتەوە، پێشتر داواى دامەزراندنیان کردووە و لە بودجەدا باس نەکراون. 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، ئەو چینانە دەرچووى زانکۆ و پەیمانگەکانن کە لە چەند ساڵى رابردوودا دەرفەتى دامەزراندنیان نەبووە.
 
تەیف سامى لە نووسراوەکەدا ئاماژەى بەوەداوە، دامەزراندنى ئەوانە "قورسایی گەورە" دەخاتە سەرشانى گەنجینەى دەوڵەت، کە پارەکەیان زیاتر دەبێت لە دوو تریلیۆن دینار و ناتواندرێت ئەو بڕە پارەیە بۆ بودجە زیاد بکرێت.
 
وەزیرى دارایی دەشڵێت: "ئەو هەنگاوە وادەکات دەرچووانى دیکەش وەکو ئەوان داواى دامەزراندن بکەن، لەکاتێکدا کورتهێنانى ئێستاى بودجە 64 تریلیۆن دینارە و ناکرێت زیاتر بکرێت و پارەى پێویست نییە بۆ قەرزکردن لەپێناو خەرجى زیاتر."
        
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق کە بۆ ماوەى سێ ساڵە، نزیکەى 500 هەزار کەسى دیکە دادەمەزرێندرێن یان گرێبەستى کاتى دەکرێنە فەرمانبەرى هەمیشەیی.
 
قەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق 199 تریلیۆن دینارە، بودجەى بەکاربردنى زۆرینەى بۆ مووچە دەڕوات کە زیاتر لە 133 تریلیۆن دینارە و 66.8%ـى تێکڕاى پارەى بودجەکەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە