رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەوروپا پلانێکی نوێ لەبارەی تەکنەلۆژیای بارگاویکردنی مۆبایلەکان رادەگەیێنێت کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مۆبایل ناچاردەکات یەک جۆرە شێوازی بارگاویکردن بەکاربهێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 23-9-2021 باڵی جێبەجێکاری کۆمیسیۆنی ئەوروپا پرۆژەیاسایێکی پێشکێشکرد کە بەکارهێنانی کێبڵی بارگاویکردنی جۆری سی –USB-C دەکاتە ناچاری بۆ هەموو مۆبایلەکان.
ئەو تەکنەلۆژیایە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی دروستکردنی مۆبایل بەکاریدەهێنن، وەکو کۆمپانیای شامی و هواوی کە هەردووکیان کۆمپانیای چینین. هاوکات لایەنی سەرەکی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو بڕیارەی یەکێتیی ئەوروپا کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی یە کە بە گوێرەی کۆمپانیاکە، ئەو بڕیارە نوێیە ئاستی داهێنان کەمدەکاتەوە و "بەمەش ئازاری بەکاربەرانی دەدات."
مۆبایلی ئایفۆن کێبڵی بارگاویکردنی تایبەت بەخۆی هەیە، هەرچەندە لە وەشانە نوێیەکانی دا کێبڵەکانیان دەتوانرێت بخرێتە سەر سۆکێتی کێبڵی جۆری C.
ئەو بڕیارەی یەکێتیی ئەوروپا چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن بەکارهێنەرێکی زۆرەوە پێشوازی لێبکرێت بەتایبەت ئەو بەکارهێنەرانەی کە زیاتر لە مۆبایلێکیان هەیە و ناچارن جۆری جیاوازی بارگاویکەر بکڕن و هەڵبگرن.
بەم هەنگاوە، یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت رێگە لە فڕێدانی 11 هەزار تۆن کێبڵێ ساڵانە بگرێت کە وەکو پاشماوەی ئەلیکترۆنی لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکانەوە فڕێدەدرێن.
بە گوێرەی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، هەر تاکێکی ئەوروپی لانیکەم سێ بارگاویکەری مۆبایلی هەیە و دووانیان بەشێوەیەکی بەردەوام بەکاردەهێنێت، بەڵام 38٪ـی خەڵکی ناتوانن رۆژانە یەک جار بەتەواوی مۆبایلەکانیان بارگاوی بکەنەوە، چونکە ناتوانن بارگاویکەرێکی گونجاو بۆ مۆبایلەکانیان بدۆزنەوە.
لەژێر ئەو پرۆژەیاسا پێشنیازکراوە، کە ئەگەر هاتوو لەلایەن پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاوە پەسندکرا، هەموو جۆرە مۆبایل، تابلێت، کامێرای دیجیتاڵ، کۆنسوڵی ڤیدیۆ گەیم و بیستۆکەکان کە دەچنە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە، پێویستە شوێنی بارگاویکردنەوەکەیان لە کێبڵی جۆری USB-C بێت.
ساڵی رابردوو نزیکەی 420 ملیۆن مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دیکەی وەکو تابلێت لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا فرۆشراون.
دوای یەک دەیە لە هەوڵدان بۆ رازیکردنی کۆمپانیاکانی پیشەسازی بۆ پەیڕەوکردنی ستانداردێکی هاوبەش، کۆمیسیۆنی جێبەجێکاری یەکێتیی ئەوروپا پاڵ بە پرسەکەوە دەنێت و لە گەیشتن بە ئەنجام نزیکدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ