رووداو دیجیتاڵ
نرخەکانی نەوت رۆژی هەینی لە بەرزترین ئاستی خۆیاندا لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵی رابردوو مامەڵەیان پێوەکرا.
لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەوەی کە ئەمریکا سەرقاڵی دانوستاندنە لەگەڵ ئێران بۆ کۆتایی پێهێنان بە جەنگ، نەیتوانی دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی بازرگانان سەبارەت بە پچڕانی دابینکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، بڕەوێنێتەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 4.22% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 112.57 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی برێنتە لەدوای مانگی 7ی ساڵی 2022ەوە، کاتێک هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بازاڕەکانی وزەی هەژاند.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش رۆژی هەینی بە رێژەی 5.46% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 99.64 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هەنگاوەکەی ترەمپ بۆ پێدانی مۆڵەتی 10 رۆژ بە ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، نەبووە هۆی هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی نەوت لە جیهاندا. سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاندبوو، وتووێژەکان لەگەڵ ئێران "زۆر باش دەڕۆن" سەرەڕای "لێدوانە هەڵەکانی میدیا چەواشەکارەکان و لایەنەکانی دیکە."
وەکو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران تاوەکو 6ی نیسان رادەگرێت. ئێرانیش تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر دوایین لێدوانەکانی ترەمپ نەداوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی کۆمپانیاکانی چاودێریی دەریایی، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە خاوەندارێتییان بۆ کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی چین دەگەڕێتەوە، هەوڵیان داوە لە تەنگەی هورمز تێپەڕن، بەڵام گەڕێندراونەتەوە. چین هاوپەیمانی ئێرانە و پێشتر سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، کەشتیی وڵاتانی هاوپەیمان و دۆست بۆیان هەیە لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕن. ئەو رووداوە هێمای ئەوەیە کە هاتووچۆی کەشتییەکان هێشتا لە تەنگەی هورمز سنووردارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ