رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2025دا لە ناوچەی گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەدەستهاتووە. بەرهەمی رۆژانەی گابار گەیشتووەتە 80 هەزار بەرمیل، ئێلیهـ لە پلەی دووەمدایە، ئامەدیش لە پلەی سێیەمی بەرهەمهێنانی نەوتدایە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە 6 کێڵگەی ناوچەی گابار لە پارێزگای شرنەخ گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن.
بایراکتار رایگەیاند، "داهاتی نەوتی خاو بەپێی هۆکارە ئابوورییەکانی وەک نرخی نەوت و نرخی ئاڵوگۆڕ و قەبارەی بەرهەمهێنان، هەروەها پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکان و هاوسەنگیی دابینکردن و خواستی جیهانی دەگۆڕێت."
داهاتی نەوت دەگوازرێتەوە بۆ بودجەی ناوەندی
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، هەر سەبارەت بە داهاتی نەوتەکە گوتیشی، راستەوخۆ وەکو داهات دەگوازرێتەوە بۆ بودجەی ناوەندی.
پێشتر داواکرابوو بەشێک لە داهاتی نەوتەکە بۆ ئەو ناوچانەی نەوتیان لێ بەرهەم دەهێندرێت، خەرج بکرێت؛ ئاڵپئارسڵان بایراکتار گوتی، "ئەم بابەتە لە گفتوگۆکانی هەموارکردنەوەی یاسای نەوتی تورکیا قسەی لەسەر کرا، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکان، پار لە شرنەخ 16 ملیۆن و 374 هەزار و 971 بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە ئێلیهـ 7 ملیۆن و 476 هەزار بەرمیل، لە ئامەد 7 ملیۆن و 531 هەزار بەرمیل و لە سەمسووریش 3 ملیۆن و 163 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ