رووداو دیجیتاڵ
گرژییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز، نیگەرانیی قووڵی بۆ چین دروستکردووە، کە نزیکەی 45%ی نەوتی هاوردەکراوی لەو رێگەیەوە دەگاتێ.
ئەم دۆخە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی وزەی چین و بازرگانیی جیهانی داناوە، هاوکات نرخی گەیاندنی کاڵای بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دوو هێندە بەرزکردووەتەوە.
مەهدی فەرەج، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە چین رایگەیاند، چین زۆر نیگەرانە لە داخستنی گەرووی هورمز، چونکە ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی دەخاتە مەترسییەوە.
چین رۆژانە زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات؛ نزیکەی نیوەی ئەو بڕە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. هەروەها 90%ی ئەو نەوتەی لە ئێران دەیکڕێت، کە رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل دەبێت، لە هەمان رێگەوە دەگوازرێتەوە.
مەهدی فەرەج دەڵێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆیەکی نەخوازراو، چین پلانی جێگرەوەی داڕشتووە.
بە گوتەی ئەو پەیامنێرە، یەکێک لە رێکارەکانی چین پشتبەستنە بەو یەدەگە ستراتیژییەی نەوت کە هەیەتی، کە زیاتر لە 1.2 ملیار بەرمیل نەوتە.
هاوکات چین هەوڵدەدات سەرچاوەکانی هاوردەکردنی نەوت فرەچەشن بکات و زیاتر لە رووسیا، بەرازیل و ئەنگۆلا نەوت بکڕێت، هەرچەندە لە کڕینی نەوتی رووسیا رووبەڕووی کێبڕکێی هیندستان دەبێتەوە.
قسەکانی مەهدی فەرەج ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشیکرد.
کاریگەری لەسەر بازرگانیی هەرێمی کوردستان
هەڵکشانی گرژییەکان بووەتە هۆی ئەوەی نرخی گەیاندنی کۆنتێنەر لە چینەوە بۆ بەندەرەکانی ناوچەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە. مەهدی فەرەج دەڵێت، "ئێستا نرخی گەیاندنی کۆنتێنەر لە بەندەرێکی چینەوە بۆ بەندەرێکی وەک بەندەر عەباس یان ئوم قەسر، نزیکەی دوو هێندە زیادبووە."
بۆ نموونە، کرێی گەیاندنی کۆنتێنەرێکی 20 پێیی لە 1,700 دۆلارەوە بۆ 3,600 دۆلار بەرزبووەتەوە و کرێی کۆنتێنەرێکی 40 پێیی گەیشتووەتە 5,000 دۆلار. ئەمەش تەنیا کرێی گواستنەوەی نێوان بەندەرەکانە و باج و رسوماتی گومرگی لەخۆناگرێت.
بە گوتەی پەیامنێرەکەی رووداو، هۆکاری ئەم گرانبوونە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی دەریایی، وەک MSC کە گەورەترین کۆمپانیای بوارەکەیە لە جیهان، گەشتەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگرتووە. کۆمپانیاکانی دیکەش پارەی زیاتر وەک "بیمەی مەترسی" داوا دەکەن.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ چەند بازرگانێکی کورد قسەی کردووە؛ ئەوان دڵنیاییان داوە کە بەردەوام دەبن لە هاوردەکردنی کاڵا، بەڵام پلانی دیکەیان هەیە.
یەکێک لە پلانەکان، گواستنەوەی کاڵاکانە لە رێگەی دەریای سوورەوە بۆ بەندەری عەقەبە لە ئوردن و لەوێشەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام مەترسیی هێرشی حوسییەکان لەسەر ئەو رێگەیە هەیە.
پلانی دووەم، کە بە "نزیک لە مەحاڵ" وەسفکراوە وەک مەهدی فەرەج دەڵێت، سووڕانەوەیە بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا و گەیاندنی کاڵاکانە بۆ بەندەری مێرسین لە تورکیا و دواتر هێنانیانە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەو پەیامنێرەی رووداو دەڵێت، سەرەڕای بەربەستەکان، بازرگانە کوردەکان جەختدەکەنەوە کە رێگای دیکە بۆ بەردەوامبوونی بازرگانی دەدۆزنەوە، بەڵام هۆشداری دەدەن کە ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر کات و نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبێت.
چین سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستانە؛ بەپێی دوایین ئامار، لە ساڵی 2024 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان زیاتر لە 55 ملیار دۆلار بووە.
بەکۆی گشتی، 530 کۆمپانیای عێراق لە چین کاردەکەن و کاڵا لە چینەوە دەهێننە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ