رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان - ئێران، کێشە بۆ چوون و هاتنی بارهەڵگرەکان لە دەروازەی سنووریی باژێرگە سەر بە شارۆچکەی گەڤەر لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دروستبووە.
ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەکی زۆر بارهەڵگر لەسەر سنوور گیریانخواردووە و بە درێژایی دوو کیلۆمەتر نۆرەیان گرتووە.
شۆفێری بارهەڵگرەکان چاوەڕێ دەکەن بۆئەوەی لە دەروازەکە بپەڕنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و بارەکانیان بگەیێنن.
یەکێك لە بارهەڵگرەکان بە میدیای خۆجێیی جۆلەمێرگی راگەیاندووە، نۆرەی بارهەڵگر بە درێژایی دوو کیلۆمەتر دروستبووە و دەڵێت، "کاتێک لە نیوەڕۆدا لە شارۆچكەی گەڤەرەوە بۆ دەروازەی باژێرگە رۆیشتین، نۆرەی بارهەڵگرەکان لە دوو کیلۆمەتر زیاتر بوو. کاتێک پرسیارمان کرد، گوتیان هۆکارەکەی ئێران بووە. هیوادارم بەمزووانە کۆتایی پێبێت."
دەروازەی سنووریی باژێرگە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان پارێزگای ورمێ لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای جۆلەمێرگ لە دیوی باکووری کوردستان و بە دووری 41 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی گەڤەر هەڵکەوتووە.
جۆلەمێرگ کۆی گشتی سێ دەروازەی سنووریی هەیە، بێجگە لە دەروازەی باژێرگە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو دەروازەی سنووریی دیکەی لەگەڵ باشووری کوردستان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ