رووداو دیجیتاڵ پاسەوانانی سنووری لیتوانیا بە هاوکاریی سوپای پۆڵەندا، توونێلێکی نهێنییان لەسەر سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ بێلاڕووس ئاشکراکرد کە گومان دەکرێت بەمەبەستی دزەپێکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لێدرابێت. دوای ئەوەی بۆ چەند رۆژێک پاسەوانانی سنووری لیتوانیا گوێیان لە لەرینەوەی زەوی و دەنگەدەنگێک بووە لە دیوی بێلاڕووسەوە، بڕیاریانداوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن. بەهۆی نەبوونی شارەزایی تەواوەوە، پەنایان بۆ سوپای پۆڵەندا بردووە و تیمێکی شارەزای جیۆلۆجی و پسپۆڕانی توونێل رەوانەی ناوچەکە کراون. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریخستووە کە توونێلێک لە بێلاڕووسەوە بە ئاراستەی نێو خاکی لیتوانیا لێدەدرێت. توونێلەکە یەک مەتر پانە و نزیکەی دوو مەتر لەژێر زەویدایە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو شوێنەی لەنێو لیتوانیا مەبەستیان بووە پێی بگەن. بەرپرسانی لیتوانیا و پۆڵەندا دەڵێن، ئەو توونێلە یان لەلایەن حکومەتی بێلاڕووسەوە بۆ دزەپێکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ نێو لیتوانیا و یەکێتیی ئەورووپا لێدەدرێت، یانیش قاچاخچییەکان بۆ گواستنەوەی کۆچبەران ویستوویانە ئەو کارە بکەن. تاوەکو ئێستا حکومەتی بێلاڕووس هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر ئەو هەواڵە نەبووە.
دیاسپۆرا21-08-2026دایک و باوکێکی کورد لە ئەڵمانیاوە دەنێردرێنەوە تورکیا و سێ منداڵەکەیان لێ جیادەکرێنەوە
دیاسپۆرا21-08-2026ئەڵمانیا مافی مانەوە لە سەتان هاووڵاتیی سووریا و هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان وەردەگرێتەوە