رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، 16-9-2022، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی 1665 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەوەش بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ لە رۆژی رابردوو، نرخەکەی نزیکەی 30 دۆلار دابەزیوە.
کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بەکاتی هەولێر، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1663 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هۆکارێکی سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکییە کە بەراورد بە دراوەکانی دیکە لە بەرزترین ئاستی خۆی لە 27 ساڵی رابردوودا ماوەتەوە.
بازرگانانی زێڕ کۆکن لەسەر ئەوەی کە دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا چارەیەکی دیکەی نییە جگە لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە و دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.
نرخی نەوت کەمێک بەرزبووەوە
نرخی نەوت بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ لە رۆژی رابردوو کەمێک بەرزبووەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نرخی ئەو کاڵا ستراتیژییە لە دابەزیندایە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 91 دۆلار و هەشت سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەگەر لەسەر ئاستی هەفتەش هەژمار بکرێت، بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی نەوت 1.9%ـی نرخەکەی لەدەستداوە.
هاوت نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 85 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت کە هەشت سەنت بەرزبووەتەوە.
دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی ترسە لە سستبوونی ئابووریی جیهان و کەمبوونەوەی خواست لەسەری.
نرخی نەوت لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە ئاراستەکەی بەرەو دابەزینە، هەرچەندە رۆژی چوارشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕ کەمێک بەرزببووەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە دەستپێکردنی مامەڵەکان ئاراستەی نرخی نەوت گۆڕدرا و، جارێکی دیکە رووی لە دابەزین کردەوە.
دابەزینی نرخی نەوت لەم هەفتەیەدا دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا هات کە بووە هۆکار بۆئەوەی وەبەرهێنەران و بازرگانان چاوەڕوانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەیەکی بەرچاو لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بکەن.
بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگە رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ـی دیکە بەرزدەکاتەوە ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا رووبدات و بەوپێیەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 850 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 0.997 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.146 GBP/USD
دۆلار - لیرە 18.26 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 580 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 59.83 روبڵی رووسی



.jpg&w=3840&q=75)