رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، بڕیاردراوە هاوردەکردنی تەماتە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە قەدەخە بکرێ و رێگە بدرێ تەماتەی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و باشووری عێراق. پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێ، کێشەی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان چارەسەر کرا.
د. مەهدی جبووری، بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ و دوای ئەوەی تەماتە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق زیادی کرد، بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی تەماتە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە."
مەهدی جبووری ئاماژەی بەوە کرد، "هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون رێگری لە هێنانی هەر بڕە تەماتەیەک لە دەرەوەی وڵاتەوە بکەن. هەر بڕە تەماتەیەک کە بە نایاسایی بهێنرێتە نێو عێراق، بە قاچاخ هەژمار دەکرێ و رێکاری یاسایی تووند بەرانبەر سەرپێچیکار دەگیرێتەبەر."
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق گوتی، "رێگە دەدرێ بە گواستنەوەی تەماتە لەنێوان پارێزگاکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەوەش بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی ئەو پارێزگایانەی خواستیان زۆرە یان بەرهەمی ناوخۆییان کەمە."
بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق گوتیشی، "ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە کە عێراق لە باکوورەوە تاوەکو باشوور وەک یەک بازاڕ سەیر بکرێ و پێداویستییەکان تەنیا لە رێگەی بەرهەمی ناوخۆییەوە دابین بکرێن."
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی بەشێکی زۆر لە جووتیاران پەیوەندییان پێوە کردین و بەدواداچوونی وردمان بۆ کێشەکانیان کرد، کۆبوونەوەی چڕمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرد و گەیشتینە ئەنجام و کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان چارەسەر کرا."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، "بە فەرمی بڕیارەکە دەرچووە و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رەزامەندیی نیشان داوە کە تەماتەی هەرێمی کوردستان بنێردرێ بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکەیە و جووتیاران بەدەست بێبازاڕی و زیانی داراییەوە دەیناڵاند."



