رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە یەکەم ساڵی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، نزیکەی 1.2 ملیار دۆلار داهاتی لە چالاکییە جیاوازەکانی خێزانەکەی لە بواری دراوە دیجیتاڵییەکان (کریپتۆ) بەدەستهێناوە. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی 927 لاپەڕەیی کە لەلایەن نووسینگەی ئاکاری حکومەتی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ترەمپ لە ساڵی 2025دا بڕی نزیکەی 550 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای نوێی (وۆرڵد لیبێرتی فاینەنشاڵ) وەرگرتووە. ئەم کۆمپانیایە لە ئەیلوولی 2024 لەلایەن کوڕەکانی ترەمپ و کوڕی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دامەزرێنراوە. لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، ترەمپ بڕی 635 ملیۆن دۆلاری وەک "مافی خاوەندارێتی" لە رێگەی رێککەوتنێکی مۆڵەتپێدان وەرگرتووە کە پەیوەندی بە دراوی دیجیتاڵیی (TRUMP$) هەبووە؛ ئەو دراوەی تەنیا چەند کاژێرێک پێش دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک لە کانوونی دووەمی 2025دا خرایە بازاڕەوە. چالاکییەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە بواری کریپتۆ، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ سێ هێندە بوونی سامانی تایبەتیی ئەو. بەپێی گۆڤاری (فۆربس)، سامانی ترەمپ لە نێوان ساڵانی 2024 بۆ 2026 لە 2.3 ملیار دۆلارەوە بۆ 6.5 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەمە کاتێکدایە ترەمپ بەردەوام رووبەڕووی تۆمەتی "بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان" دەبێتەوە؛ رەخنەگران دەڵێن، ئەو لە کاتێکدا وەبەرهێنانی لە دراوە دیجیتاڵییەکاندا کردووە، وەک سەرۆکیش چەندین بڕیاری بۆ کەمکردنەوەی چاودێری و سنووردارکردنی ئەو کەرتە داوە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخەکانیان. بەڵام کۆشکی سپی هەموو ئەو نیگەرانییانەی رەتکردەوە. ئانا کێڵی، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت: "نە سەرۆک و نە خێزانەکەی هەرگیز تێوەگڵانیان لە بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکاندا نەبووە و ناشیان بێت." کێڵی دەشڵێت، ترەمپ بە شانازییەوە ئەمریکای کردووەتە "پایتەختی کریپتۆی جیهان." داهاتی میلانیا ترەمپ و جەی دی ڤانس بەپێی یاسای ساڵی 1978، سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا پابەندن بە ئاشکراکردنی داهات و سامانەکانیان. لە راپۆرتە داراییەکەدا داهاتی میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکاش هاتووە، کە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی فیلمێکی دیکۆمێنتاریی کۆمپانیای ئەمازۆن لەبارەی ژیانی خۆیەوە بەدەستهێناوە، هەروەها زیاتر لە 500 هەزار دۆلاریش لە رێگەی کتێبەکەیەوە بە ناوی (میلانیا) وەرگرتووە. لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەوەتەی وەرگرتنی پۆستەکەی داهاتێکی باشی هەبووە. ئەو ئاشکرای کردووە لە نێوان 1 ملیۆن بۆ 5 ملیۆن دۆلار داهاتی لە رێگەی کتێبی بیرەوەرییەکانییەوە بە ناوی هیڵبیڵی ئیلێجی (Hillbilly Elegy) دەستکەوتووە کە لە ساڵی 2016دا بڵاوکرابووەوە. ئینجیل، جلوبەرگ و سندووقی متمانە داهاتەکانی ترەمپ تەنیا لە دراوە دیجیتاڵییەکانەوە نین؛ ئەو بڕی زیاتر لە 208 هەزار دۆلاری لە رێگەی فرۆشتنی ئینجیلەوە بەدەستهێناوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ (لی گرینوود، گۆرانیبێژی ناودار) دەیفرۆشێت. هەروەها داهاتی دیکەی لە رێگەی فرۆشتنی کاڵاکانی براندی ترەمپەوە هەبووە، لەوانە جلوبەرگ و پۆستەری سەر ئۆتۆمبێل. ئێستا سامانی سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن سندووقێکی متمانەوە بەڕێوەدەبرێن کە جونیۆری کوڕی سەرپەرشتی دەکات. بەپێی رێساکانی سندووقەکە، دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ترەمپ دەتوانێت دەستبەجێ دوای تەواوبوونی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 2029، جڵەوی تەواوی سامانەکەی بکاتەوە.