رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە دەڵێ، لە سێ مانگی بەهاری ئەم ساڵدا بایی زیاتر لە 82 ملیۆن دۆلار کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراوە کە بەراورد بە پار کەمیکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026، فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە 21-03-2026ـەوە تاوەکو 21-06-2026، واتە لە سێ مانگدا زیاتر لە 311 هەزار تۆن کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراوە.
بە گوتەی فەرامەرز ئومێدی، هەناردەکە بایی 82 ملیۆن و 264 هەزار دۆلار بووە کە بەشی هەرە زۆری هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی سنە، لە سێ مانگی بەهاری پاردا واتە لە 21-03-2025 تاوەکو 21-06-2025، قەبارەی هەناردەی پارێزگاکە زیاتر لە 135 ملیۆن دۆلار بوو. بەوپێیەش، بەراورد بە پار، هەناردەی کاڵا لە پارێزگای سنە بە رێژەی 39٪ کەمی کردووە.
سەبارەت بە هاوردەش، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە گوتی، لەو سێ مانگەدا زیاتر لە 41 هەزار تۆن کاڵا کە دەکاتە بایی زیاتر لە 54 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هاوردە کراوە.
پارێزگای سنە 227 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە مەریوان و دەروازەی سەیرانبەن لە بانەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەردوولادا دەکرێت.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
