رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی رێککەوتنێکیان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی "رۆژئاوای قوڕنە 2" واژۆ کرد؛ وەزیری نەوتی عێراقیش دەڵێت: "ژینگەیەکی وەبەرهێنانی سەرنجڕاکێش و ئاراممان بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان رەخساندووە."
رۆژی چوارشەممە، 1-7-2026، بە چاودێریی باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتننامەی پاراستنی نهێنیی زانیارییەکان لە نێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی بەسرە و شیڤرۆنی ئەمریکی بەڕێوەچوو، ئەوەش وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ هەڵسەنگاندنی کێڵگەکە و گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەکانی داهاتوو.
باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا رایگەیاند، کێڵگەی "رۆژئاوای قوڕنە 2" یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی جیهان و ئاماژەی بەوە کرد: "دوای ئەوەی کۆمپانیای لوکئۆیڵی رووسی کشایەوە، ئێستا دەرفەت بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان رەخساوە بۆ وەبەرهێنان."
وەزیری نەوت جەختی لەوەش کردەوە کە عێراق پابەندە بە رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ کۆمپانیا بیانییەکان و گوتی: "وەزارەتەکەمان کەشێکی فراوان بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان، لە نێویاندا شیڤرۆن دەڕەخسێنێت و هەموو ئاستەنگەکان لادەبەین." گوتیشی، ئامانجیانە عێراق لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشەنگەکان.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوت، ئەم جۆرە پڕۆژانە تەنیا بۆ کەرتی وزە نین، بەڵکو دەرفەتی کار بۆ دەستی کاری ناوخۆیی دابین دەکەن و لە رێگەی پڕۆژەکانی "سوودی کۆمەڵایەتییەوە" ژێرخانی ئەو ناوچانەی دەکەونە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکان ئاوەدان دەکرێنەوە.
کێڵگەی نەوتیی رۆژئاوای قوڕنە 2 کە دەکەوێتە پارێزگای بەسرە، بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان دادەنرێت. وەزارەتی نەوت ئێستا لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن لە گفتوگۆدایە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی لە کەرتی نەوت و گازدا.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)